پارێزەر ئازاد دۆسکی: هەموو بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە دوای ساڵی 2005ـەوە نادەستوورین

K24 - هەولێر

ئەو پارێزەرەی سکاڵای لە دژی یاسایەکی هەموارکراوی دادگای فیدراڵی تۆمارکردووە دەڵێت، دادگای فیدراڵی و هەموو ئەو بڕیارانەی لە دوای ساڵی 2005ـەوە دەریکردوون، نادەستوورین.

ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی تەممووزی 2023، ئازاد دۆسکی، ئەو پارێزەرە کوردەی سکاڵای لە دژی یاسای هەموارکراوی مانگی ئایاری 2021ـی دادگای فیدراڵی عێراق تۆمارکردووە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، دادگای فیدراڵی لە ساڵی 2005 و لە دوای لەناوچوونی رژێمی بەعس، بەپێی دەستووری نوێی عێراق و رێکارە یاساکانی دانەمەزرێندراوە.

ئەو پارێزەرە کوردە ئاماژەی بەوەش دا، "من سکاڵام لەسەر سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە دادگای فیدراڵی تۆمارکردووە بەو پێیەی یاساکەیان هەمواکردووەتەوە، چونکە بەپێی دەستووری عێراق، پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاساکان پەسەند دەکات و دواتر سەرۆککۆماری عێراق واژوویان لەسەر دەکات. بەپێی دەستوور سەرۆککۆمار پارێزەری دەستوورە، بەڵام لێرە دەستووری عێراقی پێشێلکردووە، بۆیە سکاڵام لەسەر سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی پەرلەمان دەستنیشانکردووە".

ئازاد دۆسکی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، "بەپێی دەستووری نوێی ساڵی 2005ـی عێراق، هەموو ئەو یاسا و بڕیارانە هەڵدەوەشێنەوە، کە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کاتی عێراق دەریکردوون و بەپێی ئەو دەستوورە، دادگای فیدراڵیش نادەستوورییە و هەموو ئەو بڕیارانەی دەریشیکردوون، نادەستوورین".

بەپێی سکاڵاکەی ئازاد عەبدولحەمید دۆسکی، لە دەستووری نوێدا هەموو رەشنووسەکانی یاسای راگوزەری بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەڵدەوەشێنەوە.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رۆژی 15ی ئەم مانگەی بۆ دادبینی سکاڵاکەی ئەو پارێزەر کوردە داناوە و هەردوو لایەنی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە ئامادەیی دادبینییەکە بن، بەو پێیەی هەمواری دادگای فیدراڵی لەساڵی 2021 لەلایەن پەرلەمانەوە تێپەڕێندراوە و سەرۆکایەتی کۆماریش واژۆی لەسەرکردووە.

بەپێی ماددەی 92ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، دادگای باڵای فیدراڵی دەستەیەكی سەربەخۆی دادوەری باڵایە، كە بەرزترین دەسەڵاتی داوەرییە و لە ژمارەیەك دادوەر و فوقەهای ئیسلامیی و یاسایی پێكدێت.