وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق داهاتی مانگی ته‌ممووز ئاشكرا ده‌كات

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق
وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق

K24 - هەولێر:

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق داهاتی مانگی رابردوو ئاشكرا ده‌كات، هاوكات ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات تێكڕای نه‌وتی هه‌نارده‌كراو زیاتر له‌ سێ ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ بووه‌.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 1ـی ئابی 2023) وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاندووه‌، کۆی هەناردەکردنی نەوتی خاو، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ) بۆ مانگی ته‌ممووز، بڕی 106 ملیۆن و 755 هەزار و 169 بەرمیل بووه‌، كۆی داهاته‌كانیش بریتی بووه‌ له‌ 8.293 ملیار دۆلار.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگه‌یاندووه‌، کۆی گشتی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی تەممووز لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی 105 ملیۆن و 487 هەزار و 610 بەرمیل بووە، هاوکات بڕی هەناردەکراو بۆ ئوردن رێژەکە بریتی بووه‌ له‌ 344 هەزار و 804 بەرمیل، هاوکات هەناردەی گەیارە 922 هەزار و 755 بەرمیل بووە.

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووه‌، تێکڕای بڕی هەناردەکراوی رۆژانە سێ ملیۆن و 444 هەزار بەرمیل بووه‌ لە رۆژێکدا، هه‌روه‌ها روونیشكردووه‌ته‌وه‌، تێکڕای نرخی یەک بەرمیل بڕی 77.69 دۆلار بووە.