سەرکەوت کاڕەش: لە دوو مانگی رابردوودا بەهۆکاری جیاواز 168 ئۆتۆمبێل لە هەولێر سووتاون

سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر
سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، رایدەگەیەنێت، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، هاوکات گوتیشی: لە دوو مانگی رابردوودا بەهۆکاری جیاواز 168 ئۆتۆمبێل لە هەولێر سووتاون.

سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەراورد بە ساڵانی رابردوو رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە کەمتر بووە، بەڵام قەبارەی زیانەکان زۆر زیاتر بووە.

هاوکات راشیگەیاند، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هۆکاری سەرەکی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەیە، رووداوی سووتان بەهۆی ئامێرە کارەباییەکانیش بەپلەی دووەم دێت.

ئاماژەی بەوەدا، سووتانی ئۆتۆمبێل لە دوو مانگی رابردوو زۆر زیادی کردووە، قوربانییەکان زۆرن، برینداریش زۆرن و حاڵەتی خنکانیش زۆر بووە.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، روونیکردەوە، تەنیا لە ماوەی ئەم دوو مانگی رابردوودا ژمارەی سووتانی ئۆتۆمبێل گەیشتە 168 ئۆتۆمبێل تەنیا لە سەنتەری شاری هەولێر، سەرەکیترین هۆکاریش خراپی کوالێتی بەنزینە، هەروەها هۆکاری تەکنیکی و کارەباییاتی ئۆتۆمبێل هۆکارێکی دین بۆ سووتانی ئۆتۆمبێل بە تایبەت ئۆتۆمبێلە مۆدێل نزمەکان.

سەرکەوت کاڕەش، گوتی: "رووداوەکانی هاتووچۆش زۆر زیادی کردووە و ژمارەی قوربانییەکانیش زۆرن، قوربانییەکانی ئۆتۆمبێل کە بە تیرۆری سپی ناودەبرێت هۆکاری گیان لەدەستدانی هاوولاتییانن ، هەروەها گیان لە دەستدان بەهۆی خنکانیش زۆر زیادی کردووە".

گوتیشی: "پێویستە رێنماییەکانی هاتووچۆ توندتر بکرێت بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لەو هەموو رووداو و گیان لەدەستدانە".

لەبارەی سووتانی باڵەخانەکانیش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، زۆربەی ئەو باڵەخانانەی کە لە هەولێر گڕ دەگرن هۆکاری سەرەکی ئەو گڕگرتنەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری کۆنی باڵەخانەکان و رەچاوی سیستەمی پاراستن لە ئاگر نەکراوە.

باسی لەوەشکرد، باڵەخانە کۆنەکان سیستمی بەرگری شارستانییان خراپە.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر، داواکارە لە هاووڵاتییان ئەوانە کە دووکاندارن ئاگەداربن لەو کەلوپەلانەی کە خێرا گڕ دەگرن دەبێت لە شوێنێکی باش و سەلامتی دابنێن.

هەروەها دەڵێت: دەبێت لە هەموو دووکانەکان ئامێری ئاگرکوژێنەوەی دەستی هەبێت، هاوکات کاتێک دووکاندار دووکانەکەی دادەخات پێویستە سیستەمی کارەبای دووکانەکەی بکوژێنێتەوە و کەمتەرخەمی نەکات.