قایمقامی دەربەندیخان: لە رووداوێکی هاتووچۆدا چوار کەسی خێزانێک گیانیان لەدەستدا

وێنەی رووداوەکە
وێنەی رووداوەکە

K24 – هەولێر:

لە رووداوێکی سەختی هاتووچۆدا لە پێچەکانی شاخی بەرانان لە قەزای دەربەندیخان چوار ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەش لە ئەندامانی ئەو خێزانە بریندارە.

رۆژی سێشەممە (1ـی ئابی 2023)، سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئەنجامی کەوتنی بارهەڵگرێت بەسەر ئۆتۆمبێلێک کە پێنج ئەندامی خێزانێکی تێدابووە، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و ئەندامێکی دیکەی ئەو خێزانە بە سەختی برینداربووە و لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە.

قایمقامی قەزای دەربەندیخان ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بەردەوامی کارکردن لە رێگەکە و بەهۆی سەختی ناوچەکەشەوە، ئەو رووداوە سەختە روویداوە و سەرجەم تیمەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دوای رووداوەکە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە بۆ دەرهێنانی تەرمەکان و گواستنەوەی بریندارەکان.

هاوکات سلێمان محەممەد گوتیشی، لە ئۆتۆمبێلەکەدا، دایکێک و کچێک و کوڕێکی و خوشکەزایەتی گیانیان لەدەستداوە و بریندارەکەش منداڵێکی ئەو خێزانەیە کە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی.