شاندی تەکنیکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کۆدەبنەوە

گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز دەکەن
ئاڵای عێراق و ئاڵای هەرێمی کوردستان
ئاڵای عێراق و ئاڵای هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

شاندی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ رێککەوتن لەسەر پڕۆژەیاسای نەوت و گاز کۆدەبنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2/8/2023، شاندی تەکنیکی هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق، بە ئامادەبوونی ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی هێزی سیاسی و راوێژكارانی یاسایی، بۆ تاوتوێكردنی ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای نه‌وت و گاز لە بەغدا کۆدەبنەوە.

محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دوێنێ سێشەممە 1/8/2023، لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، له‌ قۆناغی رابردوودا گفتوگۆی زۆر له‌سه‌ر ئاستی هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كانی نه‌وتی فیدراڵ و سامانه‌ سرووشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه‌چوون، دانووستانەکان گه‌یشتوونەتە‌ قۆناغێك پێویست به‌ ئامادەبوونی كه‌سانی سیاسی و یاسایی ده‌كات.

سوودانی ئاماژەی بەوەشدا، دید و بۆچوونی جیاواز له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌ن، پێویستییان به‌ بڕیاری سیاسییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌شنووسی یاساكه‌ ئاماده‌ بكرێت و له‌ زووترین كاتدا له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بخه‌ینه‌ڕوو، پاشان هه‌نگاو بۆ په‌سه‌ندكردنی ئه‌و یاسا گرنگه‌ بنێین، كه‌ كاروباری سامانه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ نه‌وت و گاز رێكده‌خات.

شاندی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 31ی تەممووزی 2023، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یاسای نەوت و گاز سەردانی بەغدای کردووە و ئەمڕۆش دیدار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بەو پرسە بەردەوام دەبێت.