کۆریای باشوور داوا دەکات کۆریای باکوور دەستبەجێ هەموو کارە هەراسانکەرەکانی رابگرێت

K24 - هەولێر

کۆریای باشوور لە کۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی لایەنەکانی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی داوای کرد کۆریای باکوور دەستبەجێ هەموو کارە ئیستفزازییەکان رابگرێت.

باڵیۆزی کۆریای باشوور لە نەمسا، هام سانگ ووک، ئەم لێدوانانەی لە یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی پێداچوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی بۆ ساڵی 2026، لە پایتەختی نەمسا دا.

باڵیۆزەکە ئاماژەی بەوەدا، "کە کۆریای باکوور تاکە وڵاتە ئەم پەیماننامەیە خراپ بەکاردەهێنێت و بە ئاشکرا چەکی ئەتۆمی پەرەپێدەدات".

ووک گوتیشی، " کۆریای باکوور بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکات، بەردەوامە لە کردەوە وروژێنەرەکانی بە شێوەیەکی بێ وێنە، جەختی لەوە کردەوە، کە خواستە بەردەوامەکانی کۆریای باکوور بۆ پەرەپێدانی توانا ئەتۆمی و مووشەکییەکانی یەکێکە لە گرنگترین پرسەکانی پەیماننامەی نا بۆ بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی".

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئیستفزازی جۆراوجۆری کۆریای باکوور نەک هەر هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بەڵکو متمانەی رێکخستنی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیش تێکدەدات و جەختی لەسەر پێویستی دەنگێکی یەکگرتوو لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ کۆریای باکوور کردەوە بۆ هەڵبژاردنی رێگای ڕاست.

جێگای سەرنجە کە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی رێککەوتنێکی نێودەوڵەتییە کە ئامانجی رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و تەکنەلۆژیای چەکی ئەتۆمی بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاری لەسەر بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی، هەروەها رادەی جێبەجێکردنی بڕگەکانی پەیماننامەکە هەموو جارێک پێنج ساڵ جارێک پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت.

پەیماننامەکە 191 وڵات لەخۆدەگرێت کە کۆریای باکوریشی تێدایە، هەرچەندە لە ساڵی 1993 کشانەوەی خۆی لە پەیماننامەکە راگەیاند.