رەنگی باڵەخانە و ڕێگاوبانەکانی عێراق دەگۆڕدرێت

ژمارەیەک باڵەخانەی بەغدای پایتەختی عێراق
ژمارەیەک باڵەخانەی بەغدای پایتەختی عێراق

K24 - هەولێر

لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە هەندێک پارێزگای عێراق بۆ سەرووی 50 پلەی سیلیزی و سەرهەڵدانی کێشەی کارەبا لە سەرتاسەری وڵات، پێشینازدەکرێت ڕەنگی باڵەخانە و ڕێگاوبانەکانی عێراق بە رەنگی دژەخۆر بۆیاخ بکرێن، مەبەستی ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.

رۆژی سێشەممە 1ـی ئابی 2023، روانگەی عێراقی سەوز (روانگەیەکی تایبەتە بە کاروباری ژینگە)، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، یەکێک لەو هۆکارانەی وایکردووە پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو لە عێراق بە گشتی و لە هەندێک پارێزگا بەتایبەتی بەرزببنەوە، رەنگی باڵەخانە و رێگاوبانەکانە، کە بە رەنگەکانی وەکو ڕەش، سوور و زەرد بۆیاخ کراون.

روانگەکە لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش داوە، "بەشێک لە وڵاتان بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، پەنایان بردووەتە بەر ڕەنگکردنی رێگا و باڵەخانەکانیان بە ڕەنگی سپی و شینی ئاسمانی یان".

راگەیەندراوەکەی کۆمەڵەی عێراقی سەوز لە کاتێکدایە؛ دوێنێ سێشەممە دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراقی لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، لە حەوت پارێزگای ئەو وڵاتە پلەی گەرما دەگاتە سەرووی 50 پلەی سیلیزی. بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، پلەی گەرما لە پارێزگاکانی بەسرە، میسان، زیقار و موسەنا دەگەنە سەرووی 52 پلەی سیلیزی، بەو پێیەش نیوەی پلەی 'کوڵان' تێدەپەڕێنێت.

عومەر عەبدولـلـەتیف، ئەندامی روانگەی عێراقی سەوز لە لێداونێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دەستپێشخەرییەکەیان رایگەیاند، "عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتانەی زۆرترین زیانی بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە بەرکەوتووە، هەرچەندە هەوڵی رووبەرووبوونەوەی گۆڕانکارییەکان دەدەات، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە کێشەکە چارەسەر بکات، ئەمەش بەهۆی وشکەساڵی و زۆرێک لە هۆکارەکانی دیکە".

عومەر عەبدولـلـەتیف ئاماژەی بەوەش دا، ئەو دەستپێشخەرییەی رایانگەیاندووە هاوکاردەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، "چونکە گۆڕینی رەنگی باڵەخانەکان بۆ ڕەنگی سپی یان شینی ئاسمانی، بەو پێیەی تیشکی خۆر هەڵنامژن و دەیدەنەوە، ڕێگری لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما  دەکەن. ڕەنگی ئێستای باڵەخانەکان، تیشکی خۆر  هەڵدەمژن و لە نێو شارەکاندا بڵاویدەکەنەوە. ئەمەش بێجگە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی قەرەباڵغی، بەکارهێنانی سووتەمەنی و بوونی موەلیدەکانی کارەبا".

هەنگاوێکی دیکەی دەستپێشخەرییەکەی روانگەکە وەکو ئەوەی عومەر عەبدولـلـەتیف باسی کرد، گۆڕینی ڕەنگی ڕێگاوبانەکان (قیری ڕەش) دەبێت و دەڵێت، "ڕەنگی ڕێگەکان ڕەشە، ڕەنگی ڕەشیش پلەی گەرما هەڵدەمژێت و دەیهێڵتەوە، ئەمەش وادەکات پلەی گەرمای ڕێگە و بانەکان بە بەردەوامی بەرزبێت".

بە گوتەی عومەر عەبدولـلـەتیف، هەنگاوی یەکەمی دەستپێشخەرییەکەیان لە بەغدای پایتەخت دەستپێدەکات، "چونکە قەرەباڵغترین شاری عێراقە و زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی لێیە" و لە باڵەخانە حکومەییەکانەوە دەستپێدەکەن. گوتیشی، ئامانجی دەستپێشخەرییەکە، یەکڕەنگکردنی باڵەخانەکانە لە ناوچە جیاوازەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

ئەو ئەندامەی روانگەکە بە پێویستی دەزانێت کۆمەڵگەی عێراقی هاوکار بێت لەگەڵیان بۆ ئەوەی پلانەکەیان سەربگرێت و ئاماژە بەوە دەدات، "دەبێت دەرفەت لەو شۆڕشی ئاوەدانکردنەوە وەربگرین، کە ئێستا عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، چونکە هۆکاردەبێت بۆ ئەوەی دەستپێشخەرییەکە زووتر و ئاسانتر جێبەجێبکرێت".  

بە گوێرەی راپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی، رۆژی 28ـی ئەیلوولی 2022، بەرزترین پلەی گەرما لە بەغدای پایتەختی عێراق تۆمارکرا و گەیشتە 51.8 پلەی سیلیزی (125.2 فەهرەنایت) و، یەکێک لە گەرمترین ئەو رۆژانە بوو، کە عێراق پێیدا تێپەڕیوە.

راپۆرتەکەی بانکی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات، ساڵ بە ساڵ پلەکانی گەرما لە عێراق و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرزببنەوە، چونکە وەکو ئەوەی لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یە کێکە لەو ناوچانەی زۆرترین زیانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای بەرکەوتووە.