پاریس... بە بەهای زیاتر لە 10 ملیۆن یۆرۆ دزی لە فرۆشگایەکی زێڕینگەری کرا

وێنە، ئەو فرۆشگایەی دزیەکەی لێکراوە
وێنە، ئەو فرۆشگایەی دزیەکەی لێکراوە

K24 - هەولێر

فرۆشگایەکی کاتژمێر و زێڕینگەریی "پیاجێت" لە پاریس لەلایەن سێ کەسەوە دزی لێکرا، فرۆشگاکە دەکەوێتە سەر شەقامی لا پاکس، نزیکە لە گۆڕەپانی لاتدۆم و ناوچەی بازرگانی ئۆپێرا.

تیمەکانی پۆلیس بەدوای باندێکدا دەگەڕێن کە پێکهاتوون لە دوو پیاو ژنێک، بەگویرەی ئەوەی لەلایەن کامێرای چاودێری لەسەر شەقامەکە تۆمارکراوە، کە زۆرێک لە دوکانەکانی زێڕینگەریی و کاڵای ئاست بەرز لەو شەقامەدا هەن.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، دزەکان دەمانچەی بێدەنگیان بەکارهێناوە، بەو دەمانچەیە هەڕەشەیان لە کرێکارەکان کردووە، هەروەها یەکێکیان ناچار کردووە کە قاسەکە بکاتەوە، دواتریش داوایان لە کڕیارە ئامادەبووەکانی شوێنەکە کردووە لە پشتی فرۆشگاکە پاڵ بکەون.

دزەکان بە کەلوپەلی دزراوەوە بە پێ شوێنەکەیان بەجێهێشتووە، دواتر بە دوو ماتۆڕسکیل هەڵاتوون، بەڵام  لە رووداوەکەدا هیچ کەسێک بریندار نەبووە.

بەپێی خەملاندنی سەرەتایی، دزییەکە بە بەهای 10 تا 15 ملیۆن یۆرۆیە، شانەی تاوانی رێکخراو لەسەر بنەمای فەرمانی داواکاری گشتی پاریس لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکرد، هەروەها پسپۆڕانی پۆلیسی زانستی بەردەوامن لە کۆکردنەوەی بەڵگەکان لە شوێنی دزیکردنەکە.