نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووانە بۆ هونەرمەند محەممەد قەدری ئەنجامدرا

هونەرمەند محەممەد قەدری
هونەرمەند محەممەد قەدری

K24 - هەولێر

نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووانە بۆ هونەرمەند محەممەد قەدری ئەنجامدرا و دەڵێت، "ئێستا تەندروستیم باشە و لە پاییزە تەمەنی خۆمدام و لە ژوورێکدا سەرقاڵی دانانی ئاواز و موزیکی نوێم بۆ گۆرانیە تازەکانی هونەرمەندان".

محەمەد قەدری ئەو ناوە بەرچاوەی دنیای گۆرانی و موزیکی کوردییە و تا ئێستا خاوەنی 450 گۆرانییە و ماوەیەکیشە رۆشنایی چاوەکانی لەدەستدابوو، کوردستان24 لە نزیکەوە ئەو هونەرمەندەی بەسەر کردەوە و رایگەیاند: دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوو بۆ چاوەکانم، کە ئاوی سپی دایپۆشتپوو، لە نۆتەکانی موزیک و تەلەکانی عودەکەم دابڕابووم، ئێستا تەندروستیم باشە و لە پاییزە تەمەنی خۆمدام و لە ژوورێکدا سەرقاڵی دانانی ئاواز و موزیکی نوێم بۆ گۆرانیە تازەکانی هونەرمەندان و خۆشم چەند بەرهەمێکی نوێم ئامادەیە بەمزووانە کاری لەسەر دەکەم و بڵاویان دەکەمەوە.

جێگەی باسە، هونەرمەندی ناوبراو، لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە، بە ئاواز و گۆرانییە رەسەنەکانی دەیان بەرهەمی نەمری تۆمار کرد، بە تایبەت ئەو ساڵانەی لە ئێزگەی کوردی بەغدا  بوو و هاوشانی هونەرمەند (عەلی مەردان) گۆرانی (زێنەبێ و ئەی وەی زارا گیان)ـی تۆمارکرد کە دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبوو لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەشدا.

هونەرمەند محەممەد غەریب قەدری ساڵی 1940 لە پێنجوێن لە دایکبووە، لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر تەمەنی منداڵی بەڕێکردووە و دواتر لەگەڵ خێزانەکەی دەچنە بەغدا و لەوێشدا قۆناغەکانی ئامادەیی و پەیمانگای هونەرە جوانەکان بەشی میوزیک دەخوێنێت، ئەو یەکێک بووە لەوانەی لە ئێزگەی کوردی لەو شارەدا خزمەتێکی زۆری هونەری کوردی دەکات و بەوەش ناسراوە، کە پەیوەندی لەگەڵ هونەرمەندە کورد و عەرەبەکاندا زۆر باش بووە و جگە لە کورد ئاوازی بۆ هونەرمەندانی عەرەب و تورکمان و ئاشورییەکانیش داناوە، هەروەها خاوەنی نزیکەی 450 گۆرانییە.