دانیشتووانی دەربەندیخان گلەیی لە خراپی رێگاوبانەکانیان دەکەن

K24 – زەڕایەن:
لەشاخى بەرانان لە نێوان شارەدێی زەڕایەن و قەزاى دەربەندیخان رووداوێکى هاتووچۆ بووە هۆى گیان لەدەستدانى پێنج ئەندامى یەک خێزان، تەنیا منداڵێکى یەک ساڵان رزگارى بوو، دانیشتوانى ئەو سنوورەش هۆکارى زۆرى رووداوەکانى هاتووچۆ بۆ خراپى رێگاوبانەکان دەگەڕێننەوە.
رووداوێکى هاتوچۆ لەشاخى بەرانانى نزیک بە دەربەندیخان پێنج ئەندامى یەک خێزانى کردە قوربانى رووداوەکە بە شێوەیەک قورس بووە کە هەندێک لە سەرنشینانى ئەو ئۆتۆمبێلەى کە بارهەڵگر کەوتووە بە سەریاندا دەست بە جێ گیانیان لەدەستداوە، رووداوەکە زۆرێک لە دانیشتوانى شارەدێی زەڕایەنى خەمبار کرد چونکە ئەوان بۆ سەردانى کەس و کاریان لە زەڕایەنەوە بەڕێکەوتبوون بۆ دەربەندیخان .
بیلال لەتیف، کەس و کارى قوربانییەکان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، یەکێکیان مامۆستا بەختیارە و منداڵێکیەتى پێم وابێت ئەویتریان خەسوو، یەکێکیشیان خێزانیەتى پێنج کەسیان گیانى لەدەستداوە.
ئەو ئۆتۆمبێلەى خێزانەکەى تێدابووە شەش کەس بوقن لە نێویاندا تەنیا منداڵێکى تەمەن یەک ساڵان رزگارى بووە و برینداربووە، لەپاڵ رەخنەى بەردەوام بۆ ئەوەى کە هەندێک شۆفێر وەک پێویست پابەندى رێنماییەکانى هاتوچۆ نابن بەشێک لە دانیشتوانى ئەو سنوورە هۆکارى زۆرى رووداوەکان کە هەندێکجار ئەندامانى یەک خێزانى کردووەتە قوربانى لە نێوان سلێمانى بۆ دەربەندیخان خراپى رێگاکەیە.
لەلایەن خۆیەوە، سەفەر ئاوبارى، دانیشتووى زەڕایەن،بۆ کوردستان24، گوتی: ئەوەندە قسەمان کرد بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن سەبارەت بە خراپی رێگاوبانی نێوان شارەدێی زەڕایەن و قەزای دەربەندیخان، بەڕاستی هەمیشە لەو رێگایەدا کارەسات روودەدات.
خراپى رێگاوبانى دەربەندخان بۆ سلێمانى بە تایبەت لە نێوان شارەدێی زەڕایەن بۆ دەربەندیخان ساڵانێک باس دەکرێ دانیشتووانى ئەو سنوورانە دەلێن، ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەو رێگاوبانە نەدۆزرێتەوە رەنگە رووداوى هاوشێوە چەند بارە ببێتەوە.