وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: بڕێکی دیکەی بەنزین دەگاتە هەرێمی کوردستان

بەنزینخانە
بەنزینخانە

K24 - هەولێر

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمی بەنزین، زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 لیتر بەنزینی دیکە دەگاتە هەرێمی کوردستان.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند: بڕی 540,000 لیتر بەنزین گەیشتە هەرێمی کوردستان،و بڕیارە 1,512,000 لیتری دیکەش بگات".

دوێنێ چوارشەممە 2/8/2023، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاندبوو، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمبوونەوەی بەنزین و  دابەزاندنی نرخەکەی، بڕی 540,000 لیتر بەنزین گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە بەنزینخانەکان بە نرخی 750 دینار دابەش دەکرێت. 

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان راشیگەیاندووە، بۆ هاوردەکردنی بەنزینی زیاتر، مۆڵەتی هاوردەکردنی داوەتە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، بەهۆی ئەوەی حكومەتی عێراق لە 10/7/2023 پشكی هەرێمی كوردستانی لە پێدانی بەنزین بڕیوە، قەیرانی كەمیی خستنەڕووی بەنزینی لێکەوتۆتەوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی خواست لەسەر بەنزین. 

هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستیی بە 4 بۆ 5 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، دوای هاوردەکردنی بەنزین کێشەی کەمبوونەوەکەی روو لە چارەسەركردن دەكات.