دیندار زێباری: بەپێی راسپاردەکانی سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی ئەوپەڕی هاوکاری تیمی یونیتاد دەکرێت
K24 - هەولێر:
لە نۆیەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی لهلایهن رێكخراوی داعش، بەسەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەراسیمێک لە شاری هەولێر ساز دهكرێت، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانیش رایدهگهیهنێت، بەپێی راسپاردەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان ئەوپەڕی هاوکاری تیمی یونیتاد دەکرێت بۆ سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا.
ئهمڕۆ (پێنجشهممه 3ـی ئابی 2023) له شاری ههولێر لە نۆیەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی لهلایهن رێكخراوی داعشهوه، بەسەرپەرشتی و ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەراسیمێک ساز كرا.
له مهراسیمهكهدا دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا رایگەیاند، کارەساتی جینۆسایدی ئێزیدییەکان هەموو لایەک ناچار دەکات پابەند بن بۆ هێنانەدی دادپەروەری بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی. ههروهها ئاماژهی بهوه كرد، بەپێی راسپاردەکانی سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوپەڕی هاوکاری لە تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئالۆگۆڕی زانیاری دەکات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و داتا و دیکیۆمێنتکردنی بەڵگەکان بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر تاوانەکانی داعش و دادگاییکردنیان و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و کەسوکاریان.
ههروهها روونیشیكردهوه، حکومەتی ههرێمی كوردستان بەردەوام بووە لە یارمەتیدانی ئاوارەکان کە تا ئێستاش بە هۆی نەبوونی سەقامگیری لە ناوچەکانیان 135 هەزار و 860 کەسیان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین. هاوكات سوپاسی نهتهوه یهكگرتووهكانیشی كرد بههۆی كاركردنی لهسهر تاوانهكانی داعش بهتایبهت كه له ساڵی 2017 تیمی یونیتاد بۆ لێکۆڵینەوە و گەیاندنی تاوانبارانی تاوانەکانی داعش و دادگایی کردنیان لەسەر تاوانە نیودەوڵەتییەکان دامەزرا.
جهختیشیكردهوه، ئەم هەنگاوە مێژووییە رێگەی بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەی بەڵگەدار لەسەر تاوانەکانی داعش خۆش کرد، لەم رووەوە حکومەتی هەرێمی ههرێمی كوردستان پابەندبوونی کریستیان ریچەر، سەرۆکی تیمی یونیتاد و ستافهكهی بەرز دەنرخێنێت.
ههروهها گوتی، حکومەتی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر تاوانەکانی داعش بە ئامانجی دادگاییکردنی دادپەروەرانەی تاوانباران، هەروەها لیژنەیەکی وزاری باڵای پێکهێناوە بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش و هەوڵەکانی ئازادکردنی ڕرێندراوەکان بەردەوامە.
سەبارەت بە پڕۆژەی بەدیجیتاڵکردنی بەڵگەکانیش رایگهیاند، حکومەتی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە بە دیجیتاڵکردن و پاراستنی بەڵگەی تاوانەکانی داعش، لەم رووەوە تا ئێستا زیاتر لە 100،000 لاپەڕە دیکیۆمێنت کراوە.
پەرلەمانی کوردستان رۆژی 3ـی ئابی هەموو ساڵێکی بە رۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی ناساندووە. لە هێرشەکەی ساڵی 2014ـی داعش بۆ سەر شنگال؛ هەزاران کەس کوژران و بێسەروشوێنبوون و دەیان هەزار کەسی دیکەش ئاوارەبوون و بەشێکیشیان کۆچی دەرەوەی وڵاتیان کرد.
لە هێرشەکەی چهكدارانی رێكخراوی داعش له رۆژی 3ـی ئابی ساڵی 2014 بۆ سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە هەڵهاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال. بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان روویانکردە وڵاتانی دەرەوە.
بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون.
هەر بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارەبوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.