سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق دەکات

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشوازیکردنی لە باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌وروپا لە عێراق سوپاسی هاوکاری و پشتیوانی یەکێتی ئەوروپای بۆ هەرێمی کوردستان کرد و باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌وروپا لە عێراقیش ستایشی هاریکاری و هەماهەنگییە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لەگەڵ باڵیۆزخانە و نێردەی راوێژکاری یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، مەسرور بارزانی، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ڤيللـه‌ ڤاريۆلا، باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌وروپا لە عێراق کرد کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وێڕای سوپاسکردنی هاوکاریی وپشتیوانیی یەکێتیی ئەوروپا و باڵیۆز ڤاریۆلا، بە تایبەتی بۆ هەوڵ و کارەکانی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەورپا لە ماوەی کارکردنیدا، هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.

باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌وروپا لە عێراق، بە پێزانینەوە ئاماژەی بە هاریکار و هەماهەنگیی بەردەوام و بەهێزی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە گەڵ باڵیۆزخانە و نێردەی راوێژکاری یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و هەرێمی کوردستان.