جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن بۆ کوردستان24: هەرێمی کوردستان بووەتە شوێنی وەبەرهێنان

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن خۆشحاڵی خۆی بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند، ئەو پێشکەوتنانەی لە هەرێمی کوردستان بەدەستهاتووە، دەگاتە ئاستی وڵاتانی هەرە پێشکەوتوو.

رۆژی (3ـی ئابی 2023)، ئەحمەد خەلایلە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەیان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بەرهەمداربووە.

ئەحمەد خەلایلە گوتیشی، "ئەو پێشکەوتنەی کە لە هەرێمی کوردستان دروستبووە، دەگاتە ئاستی وڵاتانی هەرە پێشکەوتوو، چ لە بواری ئاوەدانی، یان لە بوارەکانی پاکوخاوێنی و ژێرخانی ئابووری.

هەروەها جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان بووەتە شوێنی وەبەرهێنان، "کە ئەمەش یەکێکە لە کارە گەورەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و برای ئێمە مەسرور بارزانی، لەبەر ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و بەغدا هەیەتی".

رۆژی چوارشەممە (2ـی ئابی 2023)، ئەحمەد خەلایلە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی پێشوازی لێکرا.

هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ئەحمەد خەلایلە، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن و شاندێکی یاوەری کرد.