جووتیارانی کورد و تورکمان داوای هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی بەعس دەکەن

K24  - هەولێر:

داواکاری جووتیارانی مانگرتووی کەرکووک ئەوەیە کە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی شوڕشی حزبی بەعس هەڵوەشێتەوە، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، لەو رێگەیەوە دەتوانن مافەکانیان بەدەستبهێنن، خۆپێشاندان و مانگرتنی جووتیاران دوو مانگی تەواو کردووە بەبێ ئەوەی کە داواکانیان جێبەجێ بکرێت و بەردەوامن لە مانگرتن.

ساتع تۆپزاوە، جووتیار، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، " بەبەردەوامی درووشمی ئێمە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی شۆڕش و هەڵوەشاندنەوە بڕیارەکانی کاروباری باکوور". خیووەتی مانگرتووان هێشتا لەسەر شەقامی سەرەکی کەرکوک - بەغدا ماوە، پلەکانی گەرما تادێت بەرزدەبنەوە، بەڵام جووتیاران هەر بەردەوام لەمانگرتن تاکو ئێستاش داواکاریەکانیان جێبەجێ نەکراوە.

لەلایەن خۆیەوە، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان گوتی: "حزبی بەعس نەماوە بەڵام بڕیارەکان و یاساکانی هەر بەرکارە، ئەمەش جێگەی نیگەرانییەکی قووڵە، بڕیار نەبوو عێراقی نوێ داهاتووی خۆی لەسەر بڕیارەکانی حزبی بەعس بنیات بنێت".

جووتیاران داوای جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور دەکەن، ئەمەشیان بەدروشم نووسیوە و لە خیوەتەکەیان هەڵیانواسیوە.

یەکێک لە بڕگەکانی ماددەی 140ی دەستووری عێراق ئەوەیە کە عەرەبی هاوردە دەبێ بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان و قەرەبوو بکرێنەوە، ئەگەر ئەم بڕگەیەیی ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت، رەنگە بەشێکی زۆر لەو کێشانەی کە ئێستا هەن لەسەر زەوی و زاری کورد چارەسەربن.

لەسنووری پارێزگای کەرکووک ، ملیۆنێک و 100  هەزار دۆنم زەوی کێشەی لەسەرە، بەهەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان یەک لەسەر سێی کێشەکان چارەسەر دەبن، بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 1975ـی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لێژنەی کاروبارەکانی باکووریش کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەساڵی 2012 بڕیاری لەسەرداوە و گشتاندنی بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردووە، کە پێویستە لەڕێگەی وەزارەتی دادی عێراقەوە، فشار لەسەر دادگاکان و فەرمانگەی تاپۆی کەرکوک بکرێت، بۆ گەڕاندنەوەی نۆسەد هەزار دۆنم زەوی دیکەی جووتیارانی کورد و تورکمان.