یەکێک لە بەتەمەنترین ژنەکانی جیھان لە کەمپێکی ئیزدییەکان ئاواتی گەڕانەوەیە بۆ زێدی خۆی

"لەسەر سفرە بووین و خواردنمان دانا، ھەندێکیمان خواردبوو و ھەندێکی مابوو، ھەر ئەوەندە بوو کە قاسمی کوڕم ھات و منی لەسەر پشتی خۆی دانا و ھەڵاتین"

K24 – هەولێر:

روشێ قاسم حوسین بەپێی ناسنامەکەی تەمەنی 136 ساڵە، خەڵکی کۆمەڵگەی دووگرێیە لە قەزای شنگال و لەدوای ھێرشی داعشەوە لە ساڵی 2014 لە کەمپی کەبەرتوو نیشتەجێیە. ئەو ئاواتەخوازە شنگال ئارام بێت و دووبارە بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی.

روشێ قاسم حسین ژنێکی ئێزدییە و لە ساڵی 1887 لەدایکبووە. ھەموو ئەو ڕووداوانەی بەسەر ناوچەکە و عێراق و شنگالدا ھاتووە لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تا ئێستای شنگال لە ھزریدا ماوەتەوە. ئەو دەڵێت بێجگە لە داعش دوو فەرمانی دیکەشی دژ بە خۆیانی بینووە بەڵام کارەساتی شنگال لە سەردەمی داعش بە رووداوێکی ترسناک و گەورە لە قەڵەمدا.

روشێ قاسم تا ئێستاش قژی بە رەنگی سروشتی خۆی ماوەتەوە ئەو لە کاتی قژھۆنینەوەیدا دەڵێت، تا ئێستا ھیچ دەرمانێکم بەکار نەھێناوە ھیچ کاتێک قژی خۆم رەنگ نەکردووە ھیچ دەرمانێکی جوانکارییەکی بۆ قژ و دەم و چاوم بەکارنەھێناوە.

روشێ رادیۆیەکی ھەیە و ھەر کاتێک بێتاقەت دەبێت گوێ لە رادیۆکەی دەگرێت و دەڵێت، "ئەم رادیۆیە ئارامم دەکات لەبەر ئەوەی غەریبی خاکی شنگال دەکەم و لەو کەمپە بێزار بوومە و خوزگە دەخوازم شنگال ئارام بێت و ھەموومان پێکەوە بگەرێینەوە".

ئەو دەشڵێت: "بەیانیان بە پێ بەنێو کەمپی ئاوارەکاندا ھاتوچۆم دەکرد و دراوسێکانم بەسەر دەکردەوە، بەڵام ئێستا ناتوانم و چاوەکانم بیناییان لەدەستداوە".

روشێ بەپێی ناسنامەکەی تەمەنی 136 ساڵە، خەڵکی کۆمەڵگەی دووگرێیە لە قەزای شنگال و لەدوای ھێرشی داعشەوە لە ساڵی 2014لە کەمپی کەبەرتوو سنووری پارێزگای دهۆک نیشتەجێیە. ئەو دەڵێت، "پێشتر تەندروستیم باش بوو، بەڵام ئەم چەندساڵەی کەمپ زەحمەتی زۆرمان بینی بەرەبەرە بینایی چاوەکانم لەدەستداوە".

روشێ بەھۆی ئەوەی بینایی چاوەکانی لەدەستداوە، ناتوانێت بەباشی رێبکات و پێویستی بە ھاوکارییە لە کەمپ.

روشێ دەگێڕێتەوە کە نەھامەتی و دەربەدەری زۆری بینیوە و فەرمانی 2014 لە بیرناچێتەوە، دەڵێت: "لەسەر سفرە بووین و خواردنمان دانا، ھەندێکیمان خواردبوو و ھەندێکی مابوو، ھەر ئەوەندە بوو کە قاسمی کوڕم ھات و منی لەسەر پشتی خۆی دانا و ھەڵاتین. من جگە لە شەڕی داعش دوو فەرمانی دیکەشم بینیوە بۆ سەر ئێمە. من ھیچ نەماوە نەمبینیبێ لە کوشتن و بڕین تا قژبڕینی ژنانی ئیزدی ھەمووم بینیوە".

روشێ قاسم تاوەکو ئێستا دوو جار ژیانی ھاوژینی پێکھێناوە و زیاتر لە 150 نەوەی ھەیە. قاسمی کوڕی روشێ، ھاتوچۆی پێ دەکات و ھاوکاری دەکات. بە گوتەی ئەو، ھەتاوەکو پێش ھێرشی داعش، دایە روشێ سەرقاڵی ماڵداری و ئاژەڵ بەخێوکردن بووە لە شنگال و ئێستاش ھەر ھەموو رۆژێ خۆزگە بە گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆی دەخوازیت.

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ