خاوه‌نی خەڵاتی رۆشنترین مێشک كورده‌ و هیواخوازە لە داهاتوودا چەند کۆرسێک لە زانکۆکانی کوردستان بڵێتەوە

K24 - واشنتن:

د.ئارام گەڵاڵی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی هارڤەرد لە ئەمه‌ریکا، بەهۆی توێژینەوەو  دۆزینەوەکانی لە بواری پزیشکی و شێرپەنجەی مێشک، خەڵاتی رۆشنترین مێشکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بۆ ساڵی 2023 پێدراوە.

د.ئارام لە سلێمانی لە دایک بووەو لەکۆتاییەکانی 1997 وەکوو پەنابەر چووەتە سوێد.

د. ئارام گەڵاڵی لە تەمەنی منداڵیدا باوکی شەهید بووە، دوای ئەوەی بارودۆخی کوردستان تێکچوو، شەڕی نێوخۆ دەستی پێکرد، ئیدی بەهۆی ئەو بارودۆخەوە بڕیاریان دا کوردستان جێبهێڵین.

لە سوێد فێری زمانی ئەو وڵاتە دەبێ، لەوێ ویستوویانە بیخەنە بەر خوێندنی پیشەیی و زوو بیخەنە سەرکارێک، بەڵام ئەو هەوڵ دەدات لەسەر ئەوەی زانست بخوێنت و بەرەو لووتکە هەنگاو بنێت.

د. ئارام لە بارەی جێکرنەوەی لە بەشی زانستی دا لە سوێد بە کوردستان24ی گوت: ''ویستیان بمانێرن بۆ ئەو کۆلێژانەی ئامادەت دەکات بۆ ئیش،  وەک نمونە ئیشی کارەبایی، فیتەری، پەرستاری، بەڵام من زۆر هەوڵمدا بچم بۆ کۆلێژی زانستی، دەیانگوت بیانییەکان ناچن بۆ کۆلێژی زانستی؛ شتی وا ناکرێت، باشترین قوتابییەکانی سوێد دەچنە ئەو بەشە، مامۆستاکە وتی دەتخەینە پۆلەکە تاوەکوو تاقیکردنەوەی مانگانە دەبێت، کە تاقیکردنەوەی مانگانەبوو، خۆت بە گریانەوە دێیتەوەو دەڵێیت بمنێرن بۆ شوێنێکی دیکە. تاقیکردنەوەی یەکەم، تاقیکردنەوەی فیزیا بوو، بەرزترین نمرەم هێنا لە وانەکەیا، مامۆستاکە بە پێکەنینەوە گوتی، تۆ لاڵی و زمان نازانی چۆن ئەو نمرەیەت هێناوە، گوتم لاڵم بەڵام دەتوانم بنووسم، ئیتر ئاوا ناوی نووسیم لە بەشەکە و دەستمکرد بە کۆلێژی زانست لە سوێد.''

د.ئارام  لە یەک کاتدا دوو بەکالۆریۆسی لە بایۆ کیمستری و بایۆ تەکنەلۆجیدا خوێندووە، ئەوکات ناوی لە یەکێک لە کۆلێژەکانی پزیشکی بەریتانیا دەردەچێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی گەشتکردن و وەڵاتینامەی سوێد، ناتوانێ بۆ خوێندن بچێتە به‌ریتانیا.

دوایی دوو ماستەری جیاوازی خوێندوە، یەکێکیان لەسەر دۆزینەوەو تازەگەری لە دەرمانی نوێ، دووهەمینیشیان لەسەر خۆپارستنە لە نەخۆشی شێرپەنجە. هەروەها ئەندازیاری مەدەنی خوێندوە لەسەر تەکنیکە کیمیاییەکان.

دوای ئەوە لە زانکۆی کارۆلینسکا لەشاری ستۆکهۆڵم لە سوێد، دکتۆرای خوێندوەو لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندی جینە کوشندەکان، کە چۆن خانەکانی شێرپەنجە وادەکەن بە زیندوویی بمێننەوەو دوایی گەشە بکەن و بڵاوببنەوە، ئینجا دوای ئەوە پۆست دکتۆرای یەکەم لەسەر پیسبوونی ژینگە لە ژینگەیەکی پیسدا کە چۆن بەرکەوتن هەیە، لەگەڵ کۆمەڵێک مادەدا کە چۆن نەخۆشی دروست دەکەن.

لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەک خەڵاتی لەبەرامبەر توێژینەوە زانستییەکان و کارەکانی وەرگرتووە، ساڵی 2018 خەڵاتی لە کۆمەڵەی  شێرپەنجەی منداڵانی سوێد وەرگرتووە، ساڵەکانی 2011 و 2012، دوو خەڵاتی لەلایەن بنەماڵەی پاشای سوێد وەرگرتوە، خەڵاتێکیشی لە دامەزراوەی سوێدی ئەمه‌ریکی وەرگرتووە بۆ زانستی پزیشکی  کە سەرکەوتووترین کەسایەتییەکانی ئەو بوارە لە ئەمه‌ریکا و سوێد و کەنەدا خەڵات دەکات، لە ساڵی 2021  لە نێو 73000 لێکۆڵەردا، کە لە 140 وڵاتی جیاوازەوە ئامادەبووبوون،  خەڵاتی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمه‌ریکا بۆ یەکێک لە توێژینەوە زانستییەکانی وەردەگرێت. هەر ئەمەش وایکرد لە زانکۆی هارڤەرد کە یەکەمین زانکۆیە لەسەر ئاستی جیهان و دەکەوێتە شاری بۆستن لە ئەمریکا بانگهشتبکرێت.

د. ئارام گەڵاڵی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی هارڤەرد دەڵێ ''بۆ پۆست دکتۆرای یەکەم داوایانکرد بێمە ئەمه‌ریکا، بەڵام هەندێک هۆکاری کەسی تایبەتم هەبوو و نەمتوانی، بەڵام بۆ پۆست دکتۆرای دووەم بەخۆشحاڵییەوە لەساڵی 2017 بڕیارمدا هەرچی لێکۆڵینەوە زانستییەکانم هەیە لە کارۆلینسکاوە، لە سوێد بگوازمەوە بۆ هارڤەرد و پۆست دکتۆرای دووەمم لێرە دەستپێکرد ئەمە لەسەر دۆزینەوەی دەرمانی تازە، بەڵام کاتێک نەخۆشەکە زۆر لاوازبووە، شێرپەنجەکە بڵابووەتەوە بەلەشدا، لە زۆر شوێندا لوو و غودەو تموۆر دەدۆزیتەوە، بەداخەوە لەم قۆناخەی نەخۆشی شێرپەنجە دەرمان زۆر کەمە، من پۆست دکتۆرای دووەمم لەسەر ئەوەکرد و بۆ ئەوە هاتم.'' دواتر پلەی لە لایەن هارڤەردەوە بەرزکراوەتوەبۆ فاکوڵتی و و ئیتر بڕیاری مانەوەی داوە.

ساڵانە ژمارەیەک خوێندکاری پزیشکی زانکۆی هارڤەرد لە لایەن دکتۆر ئارام وانە دەخوێنن و هەروەها راهێنانی تاقیگەیی وەردەگرن، ئەمەش بەشێکە لەو کارەی ئێستا لە زانکۆی هارڤەرد دەیکات، ئەو کارانە بە گشتیی، دۆزینەوەکەی لەبواری چارەسەری شێرپەنجەی منداڵ بە تایبەتی  وایکردووە لە لایەن زانکۆی هارڤەرد خەڵاتی رۆشنترین مێشکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقای پێبدرێت.

خەڵاتە لە لایەن حاکمی دووبەی، شێخ محەممەد بن خەلیفە ئالمەکتووم، لە ساڵی 2014 دامەزراوە، بەڵام کۆمەڵێک شازادەی دیکەش هاوکاریان کردووە بۆ پێداویستییەکانی، خەڵاتەکە بەناوی شازادە وەلید بن تەڵاڵەوەیە، بەڵام کە پێداویستییەکانیان بۆداناوە، داویانە بە زانکۆی هارڤەرد، زانکۆی هارڤەرد ساڵانە دەیدات بە سەرکەوتووترین کەسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا، کە تایبەتە بە توێژینەوەی زانستی و تازەگەری و داهێنان لە بواری زانستی پزیشکی.

هاوکارەکانی د. ئارام لە زانکۆی هارڤەرد شایەدی بۆ کارەکانی دەدەن و دۆزینەوەکانی بە گرنگ بۆ زانستی پزیشکی و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە ناو دەبن و پێشکەوتنەکانی بە ناوازەو گرینگ وەسف دەکەن.

د. ئارام شانازی زۆر بە کوردستانی بوونی خۆیەوە دەکات و سەربەرزە بە ناسنامە ونیشتیمان و کولتووری ومیللەتەکەیەوە.  هیواخوازە لە داهاتوودا چەند کۆرسێک لە زانکۆکانی کوردستان بڵێتەوەو لەم رێگایەوە خزمەت بە خەڵکی کوردستان بکات.

65785
5
67
768