ئەمڕۆ 10 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەسدا تێدەپەڕێت

شێرکۆ بێکەس
شێرکۆ بێکەس

K24 - هەولێر:

10 ساڵ لەمەوبەر لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆ لە پاشنیوەڕۆی 4ی ئابی 2013، شاعیری ناوداری کورد، شێرکۆ بێکەس دوور لە زێدی خۆی لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.

شێرکۆ بێکەس، کوڕی شاعیری ناوداری کورد فایەق بێکەسە، لە ساڵی 1940 لەدایکبووە و یەکێکە لە ناودارترین شاعێرەکانی کورد.

هەڵۆ شێرکۆ بێکەس، کوڕی شێرکۆ بێکەس لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24ـی سەبارەت بە باوکی گوتی: نەمانی شێرکۆ وەک باوک و وەک شاعیر، بۆشاییەکی گەورەیە بۆ ئێمە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا کار لەسەر بەمۆزخانەکردنی ماڵەکەی شێرکۆ دەکرێت، گوتیشی: لەڕێگەی بەمۆزەخانەکردنی ماڵەکەی هەندێک شتی ئەو هەن کە زیندوو دەبنەوە.

شێرکۆ بێکەس لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو لەگەڵ چەند نووسەرێکی دیکە، رەوتی روانگەیان دامەزراند، هەروەها لەدوای راپەڕینی 1991 دەزگایەکی گەورەی چاپ و بڵاوکردنەوەی بەناوی (دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم) دامەزراند.

ئەو زیاتر لە 30 دیوان و کتێبی شیعریی هەیە، لەوانە (دەربەندی پەپولە، ئێستا کچێك نیشتمانمە، رەنگدان، گۆڕستانی چراکان).

بەشێك لە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس وەگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی ئینگلیزی، سویدی، عەرەبی، فەرەنسی، ئیتاڵی، تورکی، فارسی و ئەڵمانی.  

شێركۆ بێكەس، لە کابینەی یەکەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پۆستی وەزیری رۆشنبیری پێدرا.

لە 17/4/2013 بەهۆی نەخۆشکەوتنی، لە شاری سلێمانییەوە گەیەندرایە سوید، دوای سێ مانگ مانەوە لە نەخۆشخانە لە 4ـی ئابی 2013 دوور لە زێدی خۆی، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کۆچی دوایی کرد.