ترەمپ جارێکی دیکە لەبەردەم دادگا تۆمەتەکانی رەتکردەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا

K24 - واشنتن:

دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا گەیشتە واشنتنی پایتەخت و لە دادگای فیدراڵی ئامادە بوو تاوەکو ئەو چوار تۆمەتەی لە لایەن جاک سمیس، لێکۆڵەر و نوێنەری تایبەتی وەزارەتی داد لە دوو توێی 45 لاپەرەدا هاتوون و رووبەرووی سەرۆکی پێشوو کراونەتەوە، وەڵام بداتەوە کە ئەگەر بێتوو سەزاکانی بەسەردا ساخبێتەوە ئەگەری هەیە بەند بکرێت.

"پیلانگێڕی بۆ فریودانی ئەمەریکا، پیلانگێڕی بۆ رێگریکردن لە پرۆسەیەکی فەرمیی، پیلانگێڕی لە دژی مافەکان، هەوڵدان و رێگری کردن لە پرۆسەیەکی فەرمیی"، ئەو چوار تۆمەتە بوون کە رووبەرووی ترەمپ کرانەوە.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە دادگا و لە بەردەمی دادوەر مۆکسیلا ئوپادیایا ئەو چوار تۆمەتەی رەتکردەوە کە گرێدراون بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2018، هەروەها هێرشی لایەنگرانی ترەمپ بۆ سەر کۆنگرێس لە رێکەوتی 6 ی مانگی یەکی 2021دا بوو.

دواتر دادوەر داوای لە ترەمپ کرد 28ی مانگ کە لە دانیشتنی داهاتووودا ئامادە بێت، پاشان رایگەیاند کە نابێ بابەتی ئەم تۆمەتانە لەگەڵ شایەتحاڵەکان باس بکات و ئەگەر مەرجەکانی دادگا پێشێل بکات، دەسبەسەر دەکرێت.

پاشان ترەمپ لە فڕۆکەخانە و لەکاتی گەرانەوەدا لێدوانێکی کورتی بۆ مێدیاکان داو وتی: "ڕۆژێکی زۆر غەمگینە بۆ ئەمەریکا، ئەوەی ڕوودەدات زۆرداری و ستەمە لە دژی نەیارێکی سیاسی دەکرێت، ئەمە نەدەبوو لە ئەمەریکا ڕووبدات.''

لایەنگران و دژبەرانی ترەمپ لەبەردەم دادگا کۆببونەوە و بە بەرزکردنەوەی پلاکاردی جۆراوجۆر و وتنەوەی دورشم لایەنگیری دژایەتیان دەکرد.

پرسی دادگاییەکانی ترەمپ بووەتە بابەتێکی پڕ مشتومڕی میدیاکانی ئەمەریکا و وڵاتەکەی بە زەقی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کردووە.