دیلمان حەمەنادر: پێویستە پێداچوونەوە بە پێدانی مۆڵەتی شۆفێری بارهەڵگر بکرێتەوە

دیلمان حەمەنادر، سەرۆکی رێکخراوی ترافیک
دیلمان حەمەنادر، سەرۆکی رێکخراوی ترافیک

K24 – هەولێر:

سەرۆکی رێکخراوی ترافیک، رایدەگەیەنێت، پێویستە بەرنامەی کارکردنی شۆفێری بارهەڵگر بە بەرنامەڕێژی بکرێت و پێویستە پێداچوونەوە بە پێدانی مۆڵەتی شۆفێری بارهەڵگر بکرێتەوە، هاوکات گوتیشی: دەبێت پلانی درێژخایەن بۆ سیستمی هاتووچۆ هەبێت.

دیلمان حەمەنادر، سەرۆکی رێکخراوی ترافیک، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئۆتۆمبێلەکانی بارهەڵگر لە هەرێمی کوردستان بە گشتی کۆمەڵێک کیشەیان هەیە، پێش هەمووشیان لە شێوازی مۆڵەت پێدانیان، نابێت کەسانێک بخرێنە سەر شەقامەکان کە شارەزای باشیان لە شۆفێریکردنی بارهەڵگر نییە.

هاوکات راشیگەیاند، "پێویستە لە بنەڕەتدا دەستپێبکەین و شۆفێرەکان بکەیەنە شۆفێر و پێویستە پێداچوونەوە بە پێدانی مۆڵەتی شۆفێری بارهەڵگر بکرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە نوێیانە تەکنەلۆجیای باشیان تێدا بەکارهاتووە، کۆمەڵێک پێشکەوتنی تێدایە بۆ ئاسان بەکارهێنانی، بەڵام لە راستیدا "ئەم تەکنەلۆجیایانە وایکردووە شۆفێرانی ئێمە مامەڵەی ئۆتۆمبێلی زۆر بچووک لەگەڵ بارهەڵگرەکان بکەن".

باسی لەوەشکرد، رووداوەکانی هاتووچۆ زیادی کردووە و بەشێک لە رووداوەکانیش بۆ کەمتەرخەمی شۆفێران دەگەڕێتەوە، کە پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆ نابن.

لەبارەی شەقامەکانی سلێمانی، سەرۆکی رێکخراوی ترافیک، گوتی: "کورت و تەنگەبەری شەقامەکانی شاری سلێمانی وایکردووە قەرەباڵغی زۆر دروست بێت، هەروەها رۆژانە کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی نوێ دەهێنرێنە سلێمانی، ئیدی شەقامەکانی شاری سلێمانی بەرگەی ئەم هەموو ئۆتۆمبێلە ناگرن.

سەبارەت بە کێشەکانی سیستمی هاتووچۆ، دیلمان حەمەنادر، رایگەیاند، ئەگەر بمانەوێت کێشەی هاتووچۆ چارەسەر بکرێت، دەبێت دەزگایەکی زانستی دەسەڵاتدارمان هەبێت کە بڕیار لەسەر ئاییندەی هاتووچۆ بدات، هەروەها دەبێت پلانی درێژخایەن بۆ سیستمی هاتووچۆ هەبێت.