شاشەیەکی گەورە لە پارکی شار دادەنرێت و لە رێگای کوردستان24ـەوە هاندەران سەیری یاریی کۆتایی جامی عێراق دەکەن

هاندەران لەکاتی سەیرکرندی یاریی پێش کۆتایی جامی عێراق لە ئیسکان
هاندەران لەکاتی سەیرکرندی یاریی پێش کۆتایی جامی عێراق لە ئیسکان

بۆ ئەوەی زۆرترین هاندەری هەولێر بەیەکەوە سەیری یاریی کۆتایی جامی عێراق بکەن، شاشەیەکی گەورە لە پارکی شار لە سەنتەری شاری هەولێر دادەنرێت هاندەران لە رێگای کوردستان24ـەوە سەیری یارییەکە دەکەن.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 رایگەیاند: 'بڕیارمان داوە سبەی شەممە شاشەیەکی گەورە لە پارکی شار دابنرێت بۆ ئەوەی هاندەران بەیەکەوە لەوێ لە رێگای کوردستان24ـەوە بە دەنگی هەرێم قەرەناوی سەیری یاریی کۆتایی جامی عێراق بکەن و ئامادەکارییەکی تەواومان کردووە'.

هەروەها راشیگەیاند :'ئەمجارە پێمان باش بوو لە پارکی شار کۆببینەوە و کەرنەڤاڵی سەرکەوتن لەوێ بگێڕین، ئامادەکاریی تەواویشمان کردووە و بەراورد بە یارییەکەی پێش کۆتایی شاشەیەکی گەورەترمان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی هاندەرانی هەولێر کەشێکی تایبەت بەدیار یارییەکە بەسەر ببەن'.

لە یاریی پێش کۆتایی جامی عێراق رۆژی سێشەممەی رابردوو سەدان هاندەر بەدیار کوردستان24 بە دەنگی هەرێم قەرەناوی لە شەقامی ئیسکان سەیری یاریی هەولێر و بەحرییان کرد کە یانەکەی قەڵاومنارە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بۆیەکەمجار گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.

سبەی شەممە کاتژمێر 08:00ـی شەو کوردستان24 راستەوخۆ یاریی کۆتایی جامی عێراق لە نێوان هەولێر و قوە جەوییە بە دەنگی هەرێم قەرەناوی دەگوازێتەوە.