سبەی هەموو هەولێر و کوردستان لە رێگەی کوردستان24ـەوە بینەری یاری کۆتایی جامی عێراق دەبن

یانەی هەولێر
یانەی هەولێر

K24 – هەولێر:

وابڕیارە سبەی شەممە کاتژمێر 8:00ـی شەو یاری کۆتایی جامی عێراق لە نێوان هەردوو یانەی هەولێر و قوەجەوییە بەڕێوەبچێت و کوردستان24 یارییەکە بەشێوەی راستەوخۆ دەگوازێتەوە.

هاوکات بۆ ئەوەی زۆرترین هاندەری یانەی هەولێر پێکەوە بینەری یانەکەیان بن، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بڕیارمانداوە سبەی شەممە شاشەیەکی گەورە لە پارکی شار دابنرێت بۆ ئەوەی هاندەران بەیەکەوە لەوێ لە رێگای کوردستان24ـەوە بە دەنگی هەرێم قەرەناوی سەیری یاریی کۆتایی جامی عێراق بکەن".

هەروەها قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ یارییەکە پێیان باشبووە لە پارکی شار کە دەکەوێتەر سەنتەری شاری هەولێر کۆببنەوە و کەرنەڤاڵی سەرکەوتن لەوێ بگێڕن و راشیگەیاند، ئامادەکاریی تەواویانکردووە و بەراورد بە یارییەکەی پێش کۆتایی شاشەیەکی گەورەتر ئامادەکراوە بۆ ئەوەی هاندەرانی هەولێر کەشێکی تایبەت بەدیار یارییەکە بەسەر ببەن.

وابڕیارە سبەی شەممە (5ـی ئابی 2023) کاتژمێر 8:00ـی شەو، یاری کۆتایی جامی عێراق لە نێوان هەردوو یانەی هەولێر و قوەجەوییە لە یاریگای شەعب لە بەغدا بەڕێوەبچێت.

هەروەها دەستەی هاندەرانی یانەی هەولێر رایانگەیاندووە، پێنج هەزار هاندەر سبەی لە هەولێرەوە بەڕێدەکەون بۆ شاری بەغدا بۆ ئەوەی لە یارییەکەدا، لەناو یاریگای شەعبەوە هانی یانەکەیان بدەن.

لە یاری پێش کۆتایی کە رۆژی (31ـی تەمموزی 2023)، لە یاریگای نێودەوڵەتی شەعب لە بەغدا، یانەی هەولێر رووبەڕووی یانەی حدوود بووە و یارییەکەی بە گۆڵێکی یاریزان مەحموود خەلیل لێبردەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی جامی عێراق.

بۆ ئەو یارییەش سەدان کەس لە شەقامی ئیسکانی شاری هەولێر، لە رێگەی شاشەیەکی گەورەوە کە کوردستان24 راستەوخۆ یارییەکەی بە دەنگی کۆمێنتاری وەرزشی هەرێم قەرەناوی دەیگواستەوە، بینەری یارییەکە بوون و لە سۆشیال میدیاش زیاتر لە 16 هەزار کەس لە رێگەی سۆشیال میدیا کوردستان24ـەوە بینەری یارییەکە بوون.

دوای یارییەکەیش، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند، پیرۆزبایی لە یانەی وەزرشی هەولێر و سەرجەم یاریزانانی دەکەم بۆ گەیشتنی بە یاری کۆتایی جامی عێراق و هیوای سەرکەوتن و بەدەستهێنانی پاڵەوانیەتییەکەی بۆ یانەی هەولێر خواست و پشتیوانیی خۆشی بۆ یانەی هەولێر دووپاتکردەوە.

دوای ئەوەش پارێزگای هه‌ولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی چوارشەممە (2ـی ئابی 2023)، بەبۆنەى گه‌یشتنیان بە یاریی كۆتایی جامی عێراق، بە ئامادەبوونی شەعبان شەعبان چالی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و سەرۆک و دەستەى کارگێڕى و راهێنەر و سەرپەرشتیار و یاریزانانى یانەی وه‌رزشی هەولێر، میوانی ئێوارە خوانێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون.

بۆ یاری کۆتایی جامی عێراقیش، دێسکی وەرزشی کوردستان24 ئامادەکاری تەواویکردووە بۆ رووماڵکردن و گواستنەوەی راستەوخۆی یارییەکە بۆ ئەوەی هاندەرانی یانەی هەولێر و بینەرانی وەرزشی لە هەموو هەرێمی کوردستان، بینەری یارییەکەی یانەی هەولێر بن لە یاری کۆتایی جامی عێراق.

یانەی هەولێر یەکەمینجارە لە مێژووی خۆی و هەموو یانەکانی هەرێمی کوردستان دەگاتە قۆناغی یاری کۆتایی جامی عێراق، هەر چەندە پێشتر چوار جار بووەتە پاڵەوانی خولی عێراق.