سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای پەرلەمانی ئوردن دەكات

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای پەرلەمانی ئوردن دەکات
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای پەرلەمانی ئوردن دەکات

K24 – هەولێر:

سەرۆک بارزانی لە سەڵاحەددین پێشوازی لە شاندێکی باڵای پەرلەمانی ئوردن دەکات بە سەرۆکایەتی ئەحمەد خەلایلە، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن.

بەگوێرەی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، ئێوارەی رۆژی هەینی (4ـی ئابی 2023) لە سەڵاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی شانشینی ئوردن بە سەرۆكایەتی ئەحمەد خەلایلە، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن كرد.

لە دیدارەكەدا كە مونتەسەر عەقلە، باڵیۆزی ئوردن لە عێراق و فوئاد مەجالی كونسوڵی ئوردن لە شاری هەولێر ئامادەبوون، شاندی میوان سڵاوی تایبەتی شای ئوردنیان بە سەرۆك بارزانی گەیاند و بە بایەخەوە باسی پەیوەندییەكانی نێوان شانشینی ئوردن و هەرێمی كوردستانیان كرد.

هەورەها شاندە ئوردنییەکە پێزانینیان بۆ پێشكەوتن و گەشەی هەرێمی كوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەكان هەبوو و رایانگەیاند كە بەچاوی رێزەوە سەیری رۆڵی هەرێمی كوردستان لە پێكەوەژیان و سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە دەكەن. هەروەها رۆڵی هەرێمی كوردستانیان لە حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارە و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند.

هەر لەو دیدارەدا، سەرۆك بارزانی بە وردی ئاماژەی بە مێژووی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئوردن كرد كە لەسەر دەستی بارزانیی نەمر و شا حوسێن بنیاتنراوە. هەروەها سوپاسی شا عەبدوڵڵا، پادشای ئوردنیشی كرد كە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكان و لە شەڕی دژی تیرۆردا پاڵپشت و یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بووە.

سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆشی نیشاندا بەوەی كە دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئوردن لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا قووڵبووەتەوە و پێشڤەچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

0