هاووڵاتییان لە پابەندنەبوونی عێراق بە یاسای بودجە نیگەرانن

K24 – هەولێر:

هاووڵاتیان نیگەرانن لە پابەندنەبوونی حکوومەتی عێراق بە رێککەوتنی یاسای بودجەوە، دەشڵێن، دەبێت حکوومەتی عێراق پابەندبێت بە پێدانی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، چاودێرێکی سیاسیش رایدەگەیەنێت، یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکان حکومەتی عێراق ناچار دەکات بە پابەندبوون بە رێککەوتنەوە و ئەگەرنا دەبێت بژاردەی دیکە بگیرێتەبەر.

رزگار رووتە، فەرمانبەری خانەنشین، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەغدا هۆکارە بۆ نەناردنی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان، بودجە پەسەنکراوە و کوردستان نەوتی رادەست کردووە، هەموو پابەندییەکان لەلاین هەرێم جێبەجێ کراوە، بەڵام کاتێک کە مووچە نانێرن هیچ خەتایەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە بەڵکو خەتاکە هی بەغدایە.

دەرئەنجامی هاتن و چوونی شاندەکانی هەرێمی کوردستان  رێککەوتن بوو لەسەر یاسای بودجەو نەوت، حکومەتی عێراق تا ئێستا رێککەوتنەکانی نێوان خۆی هەولێری جێبەجێ نەکردووە، تاکە رێگەش بۆ ناچاکردنی حکوومەتی فیدراڵ بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان یەک دەنگی  هەرێمی کوردستانە .

لەلایەن خۆیەوە، ناسح غەفور، بۆ کوردستان24، ئاماژەی بەوەدا، یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکان حکومەتی عێراق ناچار دەکات بە پابەندبوون بە رێککەوتنەوە و ئەگەرنا دەبێت بژاردەی دیکە بگیرێتەبەر.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین جار پابه‌ندبوونی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ عێراق دووپاتكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی ده‌دات پێچه‌وانه‌ی رێككه‌وتنه‌كانه‌، نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان و راگرتنی نەوتەکەی  دۆخێکی خراپی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست کردووە.

لە 12/6/2023، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، پڕۆژەیاسای بودجەی پەسند کرد، رۆژی 21ی حوزەیران، لەتیف رەشید سەرۆککۆماری یاسای بودجەی گشتی واژۆ کرد و دواتر لە رۆژنامەی وەقایعی عێراق بڵاوکرایەوە، بەڵام تائێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی دەربکرێت.