قوتابییەکی کورد لە رووسیا خنکا

عەلی ئیمانی
عەلی ئیمانی

K24 – مۆسکۆ

قوتابییەکی کورد کە بەمەبەستی درێژەدان بە خوێندن روویکردبووە رووسیا، لە ناوچەیەکی ئەو وڵاتە لەکاتی لەمەوانی کردن خنکا.

وەزارەتی کاروباری رووداوە لەناکاوەکانی رووسیا رایگەیاند،  ئێوارەی  4ی ئابی 2023 بەشی فریاکەوتنی وەزارەتەکەیان پەیامێکیان پێگەیشتووە سەبارەت بە رووداوێک لەسەر رووباری ڤەڵخۆڤ لە نزیک قەراغی یوریێڤە. بەپێی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی باری نائاسایی هەرێمەکە، تەرمەکە بە خێرایی دۆزراوەتەوە.

شایەتحاڵەکانیش دەڵێن، لە دووری 300 مەتر لە کەناری شارەوە، قوتابییەکە لەکاتی مەلەوانی خۆی نوقم کردووە و سەر ئاو نەکەتووەتەوە.

دواتر تیمی رزگارکردنی ئاوی ناوچەکە و تیمی گەڕانی نۆڤگۆرەد و تیمێکی فریاگوزاری پیشەیی رەوانەی شوێنەکە کراون، کاتژمێر 17:20 خولەک تەرمی گەنجەکە دۆزراوەتەوە.

قوربانییەکە، قوتابییەکی کوردە ناوی عەلی ئیمانی و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و تەمەنی 18 ساڵە.

بە مەبەستی درێژەدان بەخوێندن روویکردووەتە رووسیا.

لەسەر ئەم رووداوە، بەشی لێکۆڵینەوەی شاری ڤێلیکی نۆڤگۆرەد لە لیژنەی لێکۆڵینەوەی ICR بۆ ناوچەی نۆڤگۆرەد پشکنینی پێش لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدات.

بەشی لێکۆڵینەوە هۆشداری دەدات، کە هەموو ساڵێک  بەهۆی پابەندنەبوون بە یاساکانی سەلامەتی سەرەتایی چەندین کەس دەبنە قوربانی لە ئاوەکاندا گیان لەدەست دەدەن.