سعوودیە بۆ هاووڵاتییانی: بەخێرایی لوبنان بەجێبهێڵن و کەس سەردانی نەکات
K24 - هەولێر
باڵیۆزخانەی سعوودیە لە لوبنان هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی خۆی، بە خێرایی خاکی لوبنان بەجێبهێڵن و کەس گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەکات.
ئێوارەی دوێنێ هەینی 4ـی ئابی 2023، باڵیۆزخانەی سعوودیە له لوبنان، لە راگەیەندراوێکدا هاووڵاتییانی خۆی ئاگادارکردەوە، لهو ناوچانه دووربكهونهوه كه شەڕە چەکدارییەکانی تێدایه و 'بە خێرایی' خاکی لوبنان بەجێبهێڵن.
هەر لەو راگەیەندراوەدا، باڵیۆزخانەی سعوودیە ئەوەشی بە هاووڵاتییانی راگەیاندووە، ئهوانهی بهنیازی گهشتکردنن بۆ لوبنان، "بۆ سهلامهتی گیانی خۆیان" گهشتهكانیان ههڵبوهشێننهوه.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە کەمپی "عەین حەلوە"، کە گەورەترین کەمپی فەڵەستییەکانە لە لوبنان؛ شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان گرووپی شەباب موسلیم لەگەڵ چەکدارانی بزوتنەوەی فەتحی فەڵەستینی روویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە 10 کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
گرووپی شەباب موسلیم، بە گرووپێکی نزیک لە بزووتنەوەی حەماس و جیهادی فەڵەستینی دادەندرێت. هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕەکە لە نێوان ئەو دوو گرووپە، دوای ئەوە دێت، کە ئەندامێکی بزووتنەوەی فەتح هەوڵی کوشتنی ئەندامێکی گرووپی شەباب موسلیم داوە، بۆیە ئەو گرووپەش لە بەرامبەردا، فەرماندەیەکی سەربازی و سێ ئەندامی دیکەی بزووتنەوەکەیان کوشت.
هەرچەندە ئاگربەست لە رۆژی دووەمی شەڕەکەدا راگەیەندرا، بەڵام هیچ لایەنێک پابەندی نەبوو. هەر بەهۆی شەڕەکەوە و بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی لوبنان، زیاتر لە 10 کەس کوژراون، کە دووانیان منداڵن و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و ئاوارە ببن.
12 کەمپی پەنابەرانی فەڵەستینی لە لوبنان هەن و ژمارەی پەنابەرە فەڵەستینییەکان بە زیاتر لە 450 هەزار کەس دەخەمڵێندرێت. بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، نزیکەی 54 هەزار فەڵەستینی لە کەمپی عەین حەلوەی لوبنان دەژین. لە نێو کەمپەکاندا گرووپی چەکداری جۆراوجۆری فەڵەستینی هەن، کە هەندێکیان دژ بەیەکن و جاربەجار پێکدادان لەنێوانیاندا روودەدات.