سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان بە سێ ساڵ زیندانیکردن سزا درا

عیمران خان
عیمران خان

K24 - هەولێر

کەناڵە ناوخۆییەکانی پاکستان ئەمڕۆ شەممە بڵاویانکردەوە، دادگای پاکستان سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەر عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستاندا سەپاندووە، بە تۆمەتی فرۆشتنی دیاریی نایاسایی کە بە وڵات دراوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری پارێزەر حوسێن پانجوتاوە رایگەیاندووە، کە پۆلیسی پاکستان عیمران خانی سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستانی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری لاهور لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی دەستگیر کردووە.

شارەزایانی یاسایی دەڵێن، ئیدانەی ئەو دۆسیەیە دەکەن و دەڵێن، ئەو سزادانە ئەگەری ئەوەی هەیە چانسی بەشداریکردنی خان لە هەڵبژاردنە نیشتمانییەکان بکوژێت، کە دەبێت پێش سەرەتای مانگی نۆڤەمبەر هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێت.

پێشووتر وەزیری ناوخۆی پاکستان، رانا سەنائەڵڵا، رایگەیاندبوو، پاکستان بە تۆمەتی ئاشکراکردنی نهێنییە فەرمییەکان، ڕێوشوێنی تاوانکاری دژی عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان دەستپێدەکات.

گوتیشی: دۆسیەکە پەیوەندی بە نامە دیپلۆماسیەکانەوە هەیە کە خان لە سەرەتای ساڵی رابردوودا گوتبووی بەشێکە لە پلانەکانی ئەمەریکا بۆ رووخاندنی حکومەتەکەی.

لە 11ـی ئایاری 2023، عیمران خان لەکاتی ئامادەبوونی لەبەردەم دادگای ئیسلام ئاباد دا بەتۆمەتی گەندەڵی و ژمارەیەک دۆسیەی ئیداری دیکە، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو وە دەستگیرکرا.

خان سوپای پاکستانی بە کودەتاچی و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی تۆمەتبارکرد.

پاش دەستگیرکردنیشی، هەزاران لایەنگری عیمران خان لەشارە جیاوازەکانی پاکستان رژانە سەرشەقامەکان و شەڕ و پێکدادان لەنێوان لایەنگرانی خان و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو.