پێشبینی دەکرێت سبەی رێنماییەکانی 'جێبەجێکردنی یاسای بودجە' بڵاوبکرێنەوە

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

ئەندامێکی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر هەیە سبەی یەکشەممە رێنماییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای گشتیی بودجە بڵاوبکرێنەوە و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێن.

ئەمڕۆ شەممە 5ـی ئابی 2023، خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "چوارشەممەی رابردوو 2ـی ئابی 2023، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی و ئابووریی عێراق کۆبوومەوە و پێی گوتم، رێنماییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە لە قۆناغی کۆتاییدان و بە ئەگەرێکی زۆرەوە یەکشەممەی داهاتوو (سبەی) ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێن".

رێنماییەکانی یاسای بودجە، وەکە ئەوەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی کرد، بۆ گشت وه‌زاره‌ت، ده‌سته‌ و پارێزگاكان ره‌وانه‌ ده‌كرێن و لایه‌نی چاودێریش (الرقابـة المالية) به‌دواداچوون بۆ جێبه‌جێكردنی بڕگە و به‌نده‌كانی بودجه‌ و خه‌رجكردنی له پڕۆژە خزمه‌تگوزارییه‌كاندا ده‌كات.

رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد،  بڕی 598  ملیار دینار لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق رادەستی وەزارەتی دارایی هەرێم کرا و رەوانەی بانکەکان کرا بەمەبەستی دابەشکردنی مووچە، بەڵام پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئه‌و بڕە پارەیەی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ كرا، "نه‌ك شایسته‌ داراییەكانی هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت مووچه‌ی ته‌واوه‌تی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانیش نه‌بوو".

بە گوتەی خەلیل غازی، ئەگەر یاسای بودجەی گشتیی عێراق کە بۆ سێ ساڵە (2023، 2024 و 2025) وەکو خۆی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، مانگانە حکومەتی عێراق پابەنددەبێت بە ناردنی پشکی مانگانەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، کە دەکاتە نزیکەی سەدا 12.67 لە کۆی گشتیی بودجەکە.

یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، بەمپێیەش 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە.

ئەوەی تایبەتیش بێت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە، بە رێژەی12.67 جێگیرکراوە و لە ماددەکانی 11، 12 و 13 و جەخت لەسەر هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیی کراوەتەوە، ئەگەر هەناردەش نەکرا بە هەر هۆکارێک، ئەوا لە ناوخۆ ئەو بڕە نەوتە بەکاردەهێندرێت.

بەرەبەیانی رۆژی 12ـی حوزەیرانی 2023، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان پڕۆژەیاسای گشتیی بودجەی پەسەندکرد و رۆژی 21ـی حوزەیرانی 2023، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 واژوو کرد و جەختی کردەوە، پەسەندکردنی بودجە خاڵی وەرچەرخانی حکومەتە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی، کە بریتییە لە دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان، دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و دەستکردن بە پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی کە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر واقیعی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان دەبێت.