وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا هۆشداری دەدەنە هاووڵاتیانیان کە گەشتی لوبنان نەکەن

لوبنان
لوبنان

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی چاودێر لە لوبنان، نەجیب میقاتی، رایگەیاند، "دۆخی گشتی ئەمنی نابێتە هۆی نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ، ئەم قسانەی دوای ئەوە هات، کە ئەڵمانیا و وڵاتانی کەنداو هۆشداری نوێیان لە گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە بەهاووڵاتیانی خۆیان داوە.

سعوودیە، کوێت، بەحرەین، قەتەر، ئەڵمانیا و بەریتانیا هۆشداریی گەشتکردنیان بەهاووڵاتیانیانداوە، ئەمەش لە کاتێکدا کە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان لە کەمپی پەنابەرانی فەلەستینی و عەین ئەلحلوە لە باشووری لوبنان روویدا.

میقاتی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ سەرکردە سەربازی و ئەمنییەکان، ئەو داتایانەی لەبەردەستدان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دۆخی ئەمنی بەگشتی نابێتە هۆی نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ، هەروەها پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکانی  کەمپی عەین ئەلحلوە هەنگاوی پێشکەوتووی ناوە، ئەمە لەکاتێکدایە لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا لانیکەم 13 کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، میقاتی، وەزیری دەرەوە، عەبدوڵڵا بو حەبیبی راسپاردووە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ عەرەبەکان بۆ ئەوەی دڵنیایان بکاتەوە لە سەلامەتی هاوڵاتیانیان لە لوبنان.

رۆژی هەینی باڵیۆزخانەی سعوودیە داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد بە خێرایی لوبنان بەجێبهێڵن و خۆیان لەو ناوچانە بەدوور بگرن کە تووشی شەڕی چەکداری بوونە.

باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوەکردووە: باڵیۆزخانەکە دەیەوێت هاوڵاتیانی ئاگادار بکاتەوە لەوەی نزیک نەبنەوە لەو ناوچانەی شەڕی چەکداریی تێدایە، هاوکات داوا لە هاوڵاتیانی کرد بە خێرایی خاکی لوبنان بەجێبهێڵن.

هەفتەی رابردوو ئەڵمانیا هۆشداری دایە هاووڵاتیانی خۆی لە گەشتکردن بۆ کەمپەکانی فەلەستین لە لوبنان و ناوچەکانی دیکە، هەروەها بەریتانیا هۆشداری داوەتە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کە "جگە لە پێویستی" گەشت نەکەن بۆ ناوچەکانی باشووری لوبنان.

بەهۆی پێکدادانەکانەوە کە لە 29ی تەمموز لە نێوان فەتح و چەکدارە ئیسلامییەکان سەریهەڵدا، نزیکەی 80 هەزار کەس لە دانیشتووانی کەمپەکە ئاوارە بوون.

بەپێی ئاماری ئاژانسی فریاگوزاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین، کەمپی عەین ئەلحلوە گەورەترین کەمپی پەنابەرانی فەلەستینییە لە لوبنان کە تا 250 هەزار پەنابەری فەلەستینی تێدایە.