هونه‌رمه‌ندێك له شاری دهۆك سه‌رنجی خه‌ڵك بۆ كاره هونه‌رییه تایبه‌ته‌كه‌ی راده‌كێشێت
K24- هه‌ولێر:
هونه‌رمه‌ندێك خولیا و به‌هره هونه‌رییه‌كه‌ی بۆ پیشه گۆڕیوه و ئامانجییه‌تی له رێگه‌ی كاره هونه‌رییه‌كانییه‌وه، سه‌رنجی خه‌ڵك رابكێشیت و چێژ و سه‌لیقه‌ی هونه‌رییان پێ ببه‌خشێت، هه‌روه‌ها داوا له حكومه‌ت ده‌كات پشتگیری له كار و پڕۆژه هونه‌رییه‌كه‌ی بكه‌ن.
حه‌سه‌ن عه‌بدولغه‌فوور حه‌سه‌ن، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند له شاری دهۆك باس له‌وه ده‌كات شێوازی ئه‌و كاره‌ی كه پێشكه‌شی ده‌كات، ماوه‌یه‌كی زۆره له وڵاتانی ده‌ره‌وه كاری له‌سه‌ر كراوه، به‌تایبه‌تی كه جگه له نیشاندانی لایه‌نی سه‌لیقه‌ی هونه‌ری و به‌هره‌مه‌ندی هونه‌رمه‌ندان، هاوكات وه‌ك به‌شێك له بازاڕدۆزی بۆ شوێن بازرگانییه‌كانییه‌كان و دوكانه ئاساییه‌كانیش به‌كارده‌هێنرێت. بۆ نموونه دوكانێكی سارده‌مه‌نی كه گیراوه و شه‌ربه‌تی فرێشی پورته‌قاڵ یان هه‌نجیر یاخود هه‌نار و هه‌ر میوه‌یه‌كی دیكه ده‌فرۆشێت، كارێكی ده‌ستی ئه‌و هونه‌ر و هونه‌رمه‌نده وه‌ك به‌شێك له بازاڕدۆزی به‌كار ده‌هێنێت.
ئه‌و هونه‌رمه‌نده سه‌رنج بۆ ئه‌وه راده‌كێشت، هه‌ر كارێكی هونه‌ری به ئاستی كواڵێتییه‌كه‌ی و ده‌ستڕه‌نگی هونه‌رمه‌نده‌كه‌ی، چاو و هزری بینه‌ر بۆ خۆی راده‌كێشێت. باس له‌وه‌ش ده‌كات ئه‌و كاره هونه‌رییه‌یان تا ئێستا ته‌واو نه‌بووه و له چه‌ند رۆژی داهاتوو كۆتایی پێدێت. ده‌شڵێت، خه‌ڵكێكی زۆر رۆژانه سه‌ردانیان ده‌كه‌ن و وێنه‌ی یادگاری له‌گه‌ڵ كاره هونه‌رییه‌كانیان ده‌گرن، روونیشی ده‌كاته‌وه ئه‌و فیدباكه ئه‌رێنییه‌ی خه‌ڵك بۆ كاره‌كانیان، مایه‌ی دڵخۆشییه و زیاتر هانیان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره به‌و بواره رۆشنبیرییه‌یان بده‌ن.
سه‌رنج بۆ ئه‌وه‌ش راده‌كێشێت، كه ده‌كرێت ئه‌و هونه‌ره‌ی ئه‌وان به‌ته‌نیا بۆ كه‌رتی تایبه‌ت و بازاڕدۆزی نه‌بێت، به‌ڵكو ده‌كرێت خه‌ڵكی ئاسایی بۆ باخچه تایبه‌ته‌كانیان بیكڕن و دڵی منداڵه‌كانیان پێ رازی و ئاسووده بكه‌ن. گوتیشی، ده‌شكرێ به‌هه‌مان شێوه بۆ شوێنه گشتییه‌كانیش بگوازرێته‌وه و خه‌ڵكی چێژی لێ ببینێت، كه ئه‌مه‌یش دوو سوودی ده‌بێت، له‌لایه‌ك هونه‌رمه‌ندان هان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره‌ی زیاتر به‌و هونه‌ره بده‌ن، له‌لایه‌كی دیكه‌ش بواری رۆشنبیری و كولتووری پێش ده‌كه‌وێت.
هه‌روه‌ها حه‌سه‌ن عه‌بدولغه‌فوور تیشكی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی، ئه‌و پڕۆژه هونه‌رییه ماوه‌ی شه‌ش مانگی خایاندووه، به‌شێوه‌یه‌ك له سه‌ره‌تادا شێوه و دیزاینه‌كه به وردی كاری له‌سه‌ر كراوه، له قۆناغی دواتر دانیشتنیان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندازیاری بیناسازی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به بابه‌تی مادده و پێكهاته‌كانی ئه‌و كاره هونه‌رییه گفتوگۆ بكه‌ن، گوتیشی، قۆناغێكی دیكه بریتی بووه له قۆناغی چۆنیه‌تی را‌گرتن و دانانی كاره هونه‌رییه‌كان. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت له ئێستادا 10 كاری هونه‌رییان له ماوه‌ی شه‌ش مانگدا ته‌واو كردووه.
روونیشیكرده‌وه، كه له سه‌ره‌تادا مه‌به‌ستیانه كاره هونه‌رییه‌كه‌یان به خه‌ڵك نیشان بده‌ن، دواتر بیر له لایه‌نه ماددیی و داراییه‌كه‌ی ده‌كه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌و كاره هونه‌رییه‌یان بتوانن داهاتێكی گونجاو به‌ده‌ستبهێنن. ده‌شڵێت، به‌ته‌نیا ئه‌و كاره هونه‌رییه‌ی كردووه و هه‌ندێك جاریش هاوڕێكانی هاوكارییان كردووه. جه‌ختیشیكردووه‌ته‌وه، كه ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتگیری له پڕۆژه‌ی بكات، ده‌توانێت 200 كه‌س بخاته ناو كاره هونه‌رییه‌كه‌ی و له پڕۆژه‌كه‌ییدا به‌شدارییان پێ بكات.