بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ریکۆردێکی نوێ دەشکێنێت

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت

K24 - هەولێر:

نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوەکانی چەند هەفتەی رابردووی خۆی و بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ 86 دۆلار بەرزبووەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئابی 2023 نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 86 دۆلار و 49 سەنت مامەڵەی پێوەکرا و، بەرمیلێک نەوتی تەکساسی ئەمەریکاش بە 83 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، ئەمەش بەرزترین نرخی نەوتە لە مانگی ئایارەوە تا ئێستا.

ئەمە یەکەمجارە نرخی نەوت بۆ ماوەی شەش هەفتەی یەک لە دوای یەک بەرزدەبێتەوە بەراوردە لەگەڵ دوو ساڵ و نیوی رابردوو.

هۆکاری بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ درێژکردنی ماوەی کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن بەرمیلی نەوت لەلایەن سعوودیە و رووسیاوە دەگەڕێتەوە، شرۆڤەکارانی بازاڕ هۆکاریکی دیکەی ئەم بەرزبوونەوە دەگەڕێننەوە بۆ زیادبوونی خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوت، هەروەها گەشبینی بەوەی بانکی ناوەندیی ئەمەریکا چیدیکە سوودی بانکی بەرزناکاتەوە.

ئا: کاوار ساڵح