عێراق دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی "دزی سەدە" بە ئینتەرپۆل دەسپێرێت

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

عێراق بە نیازە داوا لە ئینتەرپۆل بکات "فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی" دژی بەرپرسانی باڵای پێشوو دەربکات، لەنێویاندا وەزیری دارایی و بەرپرسی هەواڵگری پێشوو، بەهۆی تێوەگلانیان لە "دزی سەدە".

بە گوتەی بەرپرسانی عێراق، تۆمەتبارکردنی ئەو بەرپرسانە دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی دەستیان لە دەرهێنانی پارە بە شێوەیەکی نەختینەی لە دەستەی گشتی باج لە ساڵانی 2021 و 2022 کە کۆی گشتیی ئەو پارەیە دەگاتە نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە، ئەمەش بە بڕە پارەیەکی زۆر دادەنرێت تەنانەت لە وڵاتێکدا کە هەمیشە لە ریزبەندی گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهاندایە.

حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، جوڵەیەکی کردارای بۆ رێکخستنی "ئاماژەی سوور" لە ئینتەرپۆلەوە لە دژی داواکراوان راگەیاند.

حەنون ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئایندەدا داوای ئاماژەی سوور لە ئینتەرپۆلەوە بۆ سکرتێری تایبەت و راوێژکاری سیاسی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دەکات.

کازمی و عەلی عەللاوی وەزیری پێشووی دارایی رەتیانکردوەتەوە دەستوەردانیان لەو گەندەڵکارییەدا هەبێت، کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا دوای دەستبەکاربوونی حکومەتێکی نوێ ئاشکرا کرابوو.

عەللاوی لە مانگی ئابی 2022 دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ دەستوەردانی سیاسی لە کارەکانی حکومەت و دەستکەوتی نایاسایی. دواتر ئاماژەی بەوەشکرد، هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی دزی لە دەستەی گشتی باج نەکرێت، بەڵام بەرپرسانی دیکە بڕیارەکانی پشتگوێ خستووە.

ئەم هەوڵەی دەستگیرکردنی وەزیری دارایی و بەرپرسی هەواڵگری پێشووی عێراق لە رێی ئینتەرپۆلەوە لە کاتێکدایە، دەستەی دەستپاکیی عێراق پێنجشەممە 3ی ئابی 2023ی، دەستگیرکردن و گەڕاندنەوەی تۆمەتبارێکی هەمان کەیس لە ئوردنەوە بۆ عێراق راگەیاند، و تۆمەتباربووە بە دزینی 3 ترلیۆن دینار لە پارەی باج  لە رێی پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ چەندین کۆمپانیای ساختەی بیانی.

ئا: کاوار ساڵح