پۆلیسی هەولێر وردەکاری گیانلەدەستدانی ئەفسەرەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەخاتەڕوو

K24 - هەولێر:

پۆلیسی هەولێر وردەکاری گیانلەدەستدانی ئەفسەرەکەی وەزارەتی پێشمەرگە رووندەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، دوای هێڵکاری و پشکنین دەرکەوتووە کە شوێنی گولـلە لە ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکەوە بۆ دەرەوەیە.

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە کوردستان24ـی رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، دوای لێکۆڵینەوەی سەرەتایی و بەدواداچوونی ورد، لە رێگەی کامێرای چاودێری و پاڵپشت بە راپۆرتی پزیشکی دادی و بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەکانی تاوانی هەرێم، بۆیان دەرکەوتووە ئەفسەرەکەی وەزارەتی پێشمەرگە پێش رووداوەکە لە یەکێک لە یانەکانی مەی خواردنەوە بووە و دواتر لە شەقامی 120 مەتری جارێک دەوەستێت و پاشان بە خێرایەکی زۆر دەڕوات و خۆی دەکێشێت بە شۆستەی شەقامێک و بەر بارهەڵگرێک دەکەوێت.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەفسەرەکە لەژێر کاریگەری مەی بووە و بە چەکی خۆی لە جۆری کلاشینکۆف گوللـەیەکی لە قاچی چەپی خۆیداوە و بەڵگەکانی تاوان و پزیشکی دادی پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئاراستەی گوللـەکە لەناوەوە بۆ دەرەوە بووە و یەک قەوانی بە تاڵی کلاشینکۆفیش لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا دۆزراوەتەوە و تووشی خوێنبەربوون بووە و دواتر هەر لەناو ئۆتۆمبێلەکەی گیانی لەدەستداوە.

بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە (6ـی ئابی 2023)، موقەدەمی وەزارەتی پێشمەرگە بەناوی (فوئاد شەهید زرارە شەل)، لە شەقامی 120 مەتری هەولێر بە گوللـە بریندار دەبێت و دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیان لەدەست دەدات.

بەم بۆنەیەوە، وەزارەتی پێشمەرگە پرسەنامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند: پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکار و بنەماڵە و هاوسەنگەرانی ژیانئاوا دەکەین، لە خوای گەورە داواکارین بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بکات و سەبوری کەسوکار و هاوسەنگەران و هەموو لایەک بدات.