بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق ژمارەیەک سەرباز کوژران و برینداربوون
K24 - هەولێر
لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی ئیسرائیل کە دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سووریای کردە ئامانج، چوار سەربازی سووریا کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ئاژانسی هەواڵی سانای فەرمی سووریا، لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازی لە وەزارەتی بەرگریی سووریا بڵاویکردەوە و گوتی: "نزیکەی کاتژمێر 02:20 خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ئیسرائیل لە ئاراستەی جۆلان هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامدا و هەندێک خاڵی لە دەورووبەری دیمەشق کردە ئامانج".
سەرچاوەکە دەشڵێت: "بەهۆی بۆردوومانەکە چوار سەرباز کوژران و چوار سەربازی دیکەش برینداربوون، هەروەها هەندێک زیانی ماددی بەر شوێنەکە کەوتووە.
ئەو سەرچاوەیە پشتڕاستیشی کردەوە کە "بەرگرییە ئاسمانییەکانمان رێگری لە مووشەکەکانی ئیسرائیل کردووە و هەندێکیانی خستووەتە خوارەوە".
بەپێی راپۆرتی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رۆژی 19ی تەمموز لە بۆردومانێکی ئیسرائیلی کە شوێنەکانی سەر بە سوپای سووریا و گروپە لایەنگرەکانی تاران لە دەوروبەری دیمەشق کردە ئامانج، سێ چەکدار کوژران و چواری دیکەش برینداربوون.