رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق بڵاوکرایەوە

رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی
رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی

K24  - هەولێر:

رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو (2023، 2024، 2025)، لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق کە رۆژنامەیەکی فەرمی حکومەتی فیدراڵییە بڵاوکرایەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی ئابی 2023، رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی کە وەزارەتی دادی عێراق دەری دەکات، رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراقی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەپێی رێنماییەکان، دەبێت ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023 – 2024 - 2025) بکرێت.

ھاوكات سەرچاوەیەك بە كوردستان 24ی راگەیاند، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی رێنماییەكانی یاسای بوودجە سبەی سێشەممە وەزارەتی دارایی نوسراو بۆ سەرجەم وەزارەت، پارێزگاكان و ھەرێمی كوردستان دەكات كە كار بە بڕگەكانی یاسای بوودجە بكەن.

حه‌نان مه‌نزر نه‌سیف، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وه‌قائیعی عێراق ئاشكرایكردووه‌، رێنماییه‌كانی بودجه‌ی سێ ساڵی داهاتووی عێراق له‌رۆژنامه‌ی فه‌رمی عێراق بڵاوكرایه‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، له‌ ئه‌مڕۆوه‌ رێنماییه‌كانی یاسای بودجه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

هەر ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی وەڵامی سکاڵایەکی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە دژی ژمارەیەک ماددەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق دایەوە و بڕیاری بە نادەستووریبوونی دوو بڕگەی ماددەکانی 11 و 13 و دەستووریبوونی چەند بڕگە و ماددەی دیکەی هەمان یاسا دا.

لە ماددەی یەکەمی پرۆژەیاسای بودجەدا کە پەسەندکرا، بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 130 هەزار دینار بۆ ماوەی سێ ساڵ (تا کۆتایی ساڵی 2025) جێگیرکرا و نرخی یەک بەرمیل نەوتیش بە 70 دۆلار دانراوە.

هەروەها لە بودجەدا بڕی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دانراوە، بە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە.

رۆژی 12ـی 6ـی 2023، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد و دوای سڕینەوەی چوار ماددە و زیادکردنی چەند ماددەیەک، ژمارەیەک پێشنیازیشی بۆ پرۆژەیاساکە زیادکرد.