بەهۆی پێکدادانەکانی نێوان هیندۆسەکان و موسڵمانان لە هیندستان حەوت کەس گیانیان لەدەستدا

K24 – هەولێر:

پۆلیسی هیندستان رایگەیاند، بەهۆی پێکدادانەکانی نێوان هیندۆسەکان و موسڵمانان لە ویلایەتی هاریانای هیندستان حەوت کەس کوژراون، کە یەکێکیان ئیمامی مزگەوتێک بوو، کە هەفتەی رابردوو لە قەزای گوروگرام مزگەوتەکەی ستووێنرا.

ئەمڕۆ دووشەممە،  پۆلیسی هیندستان رایگەیاند، "سەرهەڵدانی ئەم گرژی و پێکدادانانە دوای ئەوەی هات کە هەفتەی رابردوو کاروانێکی هیندۆسی رووپێوانێکیان لە گەڕەکێکی موسڵماننشینان ئەنجامدا، لەو ماوەیەدا گۆڕێک و چەند ئۆتۆمبێلێک ئاگریان تێبەردرا و دوکانەکانیش تاڵان کران".

بەرپرسانی پۆلیس دەڵێن، "توندوتیژییەکان بڵاوبوونەتەوە، دوایین رووداویش لە رۆژی یەکشەممە دەستیپێکردووە و تا سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە بەردەوام بووە، کاتێک چەند کەسێک ئاگریان لە گۆڕێکی موسڵمانان بەرداوە".

مایانک میشرا، یاریدەدەری ئەفسەری رێگەپێدراوی قەزای پانیپات دەڵێت "سێ رووداوی تێکدانی دوکانەکان لە قەزاکەدا هەبووە، شەش کەس دەستگیرکراون".

قەزای پانیپات 200 کم لەو شوێنە دوورە کە هەفتەی رابردوو نائارامییەکانی تێیدا دەستی پێکرد.

بەشێک لە موسڵمانان حکومەتی "بەهاراتیا جاناتا" سەرۆک وەزیرانی وڵات، تۆمەتبار دەکەن بەوەی مامەڵەیەکی دادپەروەرانەیانی لەگەڵدا نەکردووە، لەکاتێکدا حکومەت ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.