ئەحمەد زاهیری: به‌رده‌وام له‌ هەوڵداین بۆ پێکەوە بەستنی ستراتیژی ئیمارات بە هەرێمی کوردستانەوه‌

"هەناردەکردنی پەتاتە لە هەرێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ ئیمارات، نموونەیەکی سەرکەوتووی هەماهەنگییە لە نێوان هەردوولا"

K24 – هەولێر:

کونسوڵی گشتی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، هەناردەکردنی پەتاتە لە هەرێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ ئیمارات، نموونەیەکی سەرکەوتووی هەماهەنگییە لە نێوان هەردوولا.

ئەحمەد زاهیری کونسوڵی گشتی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان، له‌میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی رایگەیاند، هەناردەکردنی پەتاتە لەهەرێمەوە بۆ ئیمارات، نموونەیەکی سەرکەوتووی هەماهەنگییە لەنێوان ئیمارات و هه‌رێمی كوردستان. راشیگەیاند، لەگەڵ هەرێمی کوردستان لێگتێگەیشتنیان هەیە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کونسوڵی گشتی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "لەسەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە وەک کونسوڵی گشتی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان، بەردەوام لە هەوڵدابووین بۆ پێکەوە بەستنی ستراتیژی ئیمارات بەهەرێمی کوردستانەوە لەسەرجەم بوارەکان، گرنگترینیشیان بابەتی ئاسایشی خۆراکە".

گوتیشی: "هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ وەبەرهێنان لەبواری کەرتی کشتوکاڵ و کەرتی گەشتیاری دەدات".

دوای گەیشتنی یەکەم کاروانی پەتاتەی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی کەنداو کە بووە جێی سەرنجی زنجیرە چێشتخانە جیهانییەکان بەتایبەتی ماکدۆناڵدز، ئێستا زنجیرە چێشتخانەکانی کەی ئێف سی و هاردیز لە وڵاتانی کەنداو داوای پەتاتەی کوردستان دەکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای ئەوەی زنجیرە چێشتخانەکانی ماکدۆناڵدز نموونەی بەرهەمی پەتاتەی جووتیارانی کوردستانیان بینوە و داوایانکردووە لە مەودوا هەفتانە 500 بۆ هەزار تۆن پەتاتەی کوردستانیان دەوێت و بۆ ئەو مەبەستەش دواتر رێککەوتنێک واژۆ کراوە.  

بە پاڵپشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئاستی بەرهەمێنانیان گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان. لەوانەش پەتاتە، گەنمەشامی، خەیار و چەندین بەرهەمی دیکەی سەوزە و میوە.

جگە لەمانە، یەکێک لە گەورەترین هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیاران ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانە لە بازاڕە جیهانییەکان، لە ساڵی رابردوو بە فەرمی دوو هەزار تۆن هەنار هەناردەی بازاڕەکانی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو کرا و بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووش جگە لە هەنار هەریەکە لە بەرهەمەکانی ترێ، هەنگوین، سێو بۆ بازاڕەکانی ئیمارات، سعوودیە، بەحرێن، بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، برنجی کوردی و تەحینی کونجیی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لە بازاڕەکانی دەرەوە بەتایبەتی لەو وڵاتانەی رەوەندی کوردی بەشێوەیەکی فراران لێیدا دەژین، خواستی لەسەرە. هەروەها، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و زەیتی زەیتوون و ئاوتەماتە و چەندین بەرهەمی دیکە، بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕدەکەنەوە.