هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە کەرکووک بە سێ هاوپەیمانێتی بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن

کەرکووک
کەرکووک

K24 - کەرکووک

وادەی پێشکەشکردنی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تەواو بوو، لە کەرکووک سێ هاوپەیمانێتی کوردی پێکههێنراوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، تاڕادەیەک ئەم هەڵبژاردنەی ئەنجومەنی پارێزگا کە بڕیارە کۆتایی ئەم ساڵ بەرێوەبچێت یەکلای کەرەوە بۆ سەرجەم هێزە سیاسییەکان.

هەر لایەنێکی سیاسی ئەگەر بتوانێ زۆرینەی دەنگەکانی کەرکووک بەدەست بهێنی ئەوە ئیدارەی شارەکەی دەکەوێتە دەست، بۆیە هەر هێزەو بەجیا هاوپەیمانیان پێکهێناوەو چاویان لە کورسییەکانی ئەنجوومەنە. حزبی ئیسلامی عێراق لەنێو هاوپەیمانیتیەکەی پارتی کاندیدیان هەیە و چاویان لە کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکە.

خالید مەولود، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی حزب ئیسلامی عێراقی بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئومێد دەکەین ئەو هاوپەیمانێتیە بتوانێ زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێ، بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوپەیمانێتیەکانی دیکە بتوانێ ئیدارەی شارەکە بگرنە دەست و خزمەتی شاری کەرکووک بکەین".

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، هێزە سیاسییەکان هەوڵی هاوپەیمانێتی جیاوازیان دا، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەریش بوون بە یەک هاوپەیمانێتی.

هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە چوارچێوەی سێ هاوپەیمانێتی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن، پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانێتی لەگەڵ هەریەکە لە بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی ئیسلامی عێراق و پارتی گەلی تورکمانی و بزووتنەوەی دیموکراتی کوردستان دروستکردووە.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان، پێکەوە هاوپەیمانێتیان دروستکردووە و هەر یەکە لە کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هاوپەیمانێتیان راگەیاندووە و لە کەرکووک پێکەوە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن.

ئەمە جگە لەوەی کە چەند هێزێکی سیاسی بەجیا بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دەکەن و لیستیان دەبێت.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 18/12/2023، بەڕێوە دەچێت.

هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ی راگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق 296 پارتی سیاسی و نزیکەی 37 هاوپەمانێتی تۆمارکراون، هەروەها لە 41 هاوپەیمانی کۆن 14ـیان بەشدار دەبن.

گوتیشی: "104 پارتی سیاسی سەرپێچی یاسایین هەیە، تۆمار نەکراون، بەهۆی ئەوەی بەشێکیان کۆنگرەیان نەکردوو کە سەرکردەی نوێیان هەڵنەبژاردبوو، بەشێکیان هەژماری بانکیان نەکردبووەوە".

لەو هەڵبژاردنەدا 23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.