لە ئۆکرانیا ژنێک دەستگیرکرا کە تۆمەتبارە بە سیخوڕیکردن لەسەر زێلێنسکی بۆ رووسیا

زێلێنسکی
زێلێنسکی

K24 - هەولێر

دەزگای هەواڵگری ناوخۆی ئۆکرانیا رایگەیاند، ژنێکیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارە بە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر بەرنامەی گەشتەکانی ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا پێش گەشتەکانی، هەروەها هەوڵی گواستنەوەی زانیاری سەبارەت بە دامەزراوە سەربازییەکانی ئۆکرانیای داوەتە رووسیا.

هەواڵگری ئۆکرانیا ناوی تۆمەتبارەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە ژنێکی قژ رەش دەرکەوتووە کە جلی رەش و سپی لەبەردایە و لە نێوان دوو سەربازدا وەستاوە.

لە راگەیەندراوی هەواڵگری ئۆکرانیادا ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبارەکە لە شاری بەندەری میکۆلایڤ لە باشووری ئۆکرانیا دەستگیرکراوە، بەگوێرەی میدیاکان، زێلێنسکی دوایین جار لە 27ی تەممووزدا، سەردانی شاری بەندەری میکۆلایڤی کردووە.

وێنەی ژنە سیخوڕەکە
وێنەی ژنە سیخوڕەکە

هەروەها هەواڵگری تۆمەتباری کردووە بەوەی هەوڵی دۆزینەوەی سیستەمی جەنگی ئەلیکترۆنی ئۆکرانیا و کۆگاکانی تەقەمەنی داوە لە نزیک شارۆچکەی ئۆچاکیڤی کەنار دەریا کە 48 کیلۆمەتر لە میکۆلایڤەوە دوورە.

جەختیشی لەوەکردەوە، "ئەندامانی هەواڵگری ئەو ژنەیان لەکاتێکدا گرتووە، کە هەوڵیداوە زانیاری بگوازێتەوە بۆ رووسیا"، ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەردانەکەی سەرۆکایەتیدا رێوشوێنی ئەمنی زیاتر گیراوەتەبەر.

هەواڵگری باسی لەوەشکرد، ئەو ژنە خەڵکی ئۆچاکیڤە و لە دوکانێکی تایبەت بە سوپادا کاردەکات و لە یەکەیەکی سەربازیی ناوخۆیی ئۆکرانیا کەلوپەلی بە سەربازەکان دەفرۆشێت، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دادگا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دەستگیرکردنی، ئەگەر تاوانبار بکرێت، ئەوا 12 ساڵ زیندانی دەکرێت.