محەممەد حاجی مەحموود: کورد برا بچووکی هیچ کەسێک نییە

محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان | وێنە: ئەڤین عەتا - کوردستان24
محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان | وێنە: ئەڤین عەتا - کوردستان24

K24 - هەولێر

لە یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، محەممەد حاجی مەحموود داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، لە پرسە گرنگەکاندا هاوهەوڵوێست بن و بەشدارییەکی کارا لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا بکەن. جەختیش لەوە دەکاتەوە، "کورد برا بچووکی هیچ کەسێک نییە، نەتەوەیەکی گرنگ و کاریگەرە".

ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی ئابی 2023، 47 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان تێدەپەڕێت. بەوبۆنەیەوە، بە ئامادەبوونی محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری پارتەکە و بەرپرس و لایەنگرانی ئەو پارتە سیاسییە رێوڕەسمێک لە گوندی گوڵەخانەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەچوو. محەممەد حاجی مەحموود جەخت لەوە دەکاتەوە، بەردەوام دەبن لە خەبات و تێکۆشان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان.

محەممەد حاجی مەحموود: ناحەزانمان هەوڵی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدەن

بە گوتەی محەممەد حاجی مەحموود، "ناحەزانی گەلەکەمان بە شێوە جیاجاکان هەوڵی بچووککردنەوەی جۆگرافیا، لاوازکردنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان و بڕینی سەرچاوەی داهاتی هەرێمەکەمان دەدەن. هەوڵەکانیان بەناوی جۆر بە جۆرەوە بەردەوامن، بەڵام ئێمە پێیان دەڵێین، دەبێت ئاوڕێک لە رابردوو بدەنەەوە. بزانن مەلیک فەیسەڵ، عەبدولکەریم قاسم، عەبدولسەلام عارف، عەبدولرەحمان عارف، ئەحمەد حەسەن بەکر و سەددام حوسێن، کە دژی کوردبوون، چارەنووسیان بە کوێ گەیشت. ئەوانەی وەکو ئەوان بیردەکەنەوە، چارەنووسیان لە چارەنووسی ئەوان باشتر نابێت، بۆیە خەڵکی کوردستان نەک خۆی رادەست ناکات، بەڵکوو بە خوێن خاک و نیشتمانی خۆی دەپارێزێت".

محەممەد حاجی مەحموود باسی لەوە کرد، "دیموکراسی، مافی چارەنووس، مافی مرۆڤ و هەموو مافەکانی دیکە لە لوولەی تفەنگەوە دیاریدەکرێن. ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆ هەژموونیان بەسەر جیهاندا هەیە، تەنها لە ڕێگەی چەک و سەربازییەوە کارەکانیان ئەنجام دەدەن. واتا لوولەی چەک سیاسەت ئاراستە دەکات، بۆیە هیوادارم خەڵکی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە بە هەمان بیروباوەڕ و بۆچوونەکانی خۆی بەردەوام بێت لە خەبات و تێکۆشان".

وەکو ئەوەی سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژەی پێ دا، "ئێستا و هەر کاتێکی دیکە ئامادەین هێزەکانمان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە یەکبخەین. بێجگە لەو هێزانەی ئەمڕۆ هەن، بەڵکوو هێزەکانی دیکەشمان، کە تا ئێستا رێکنەخراون،  ئامادەین لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە رێکیانبخەین".

گرنگترین خاڵ لەم سەردەمەدا پەلەکردنە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن

رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024) وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان. دڵشاد شەهاب ئەوەشی خستەڕوو، دیاریکردنی ئەو رۆژە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، "کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی لەسەرە و بە راوێژ لەگەڵ هەموو لایەنەکان" بووە.

محەممەد حاجی مەحموود لە یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستاندا، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات "ماڵی کوردی و هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخەنەوە و هاوهەڵوێست" بن. لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، "گرنگترین خاڵ لەم سەردەمەدا پەلەکردنە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی چی دیکە ناحەزانمان تووشی گیروگرفتمان نەکەن".

کورد برا بچووکی هیچ کەسێک نییە

بە گوتەی محەممەد حاجی مەحموود، "ئەو لایەنانەی (لایەنە سیاسییەکانی عێراق) تا ئێستا کورد پشتی پێ بەستوون، هیچ جارێک تا سەر لەگەڵ هیچ لایەنێک دا نەبوون و لەگەڵ میللەتەکەماندا نەبوون. هەر کاتێک ئەو لایەنانە دەرفەتێکیان بۆ رەخسابێت، هەوڵی لەناوبردنی کوردیان داوە و کوردیان بە زیاد زانیوە لەم وڵاتەدا."

سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە،  "کورد برا بچووکی هیچ کەسێک نییە، کورد خاوەنی ئیرادە و قودرەتە و میللەتێکی سەربەخۆوە. زمان، کەلتوور، نەریت، خاکمان و هەموو شتەکانمان لەم وڵاتەدا جیاوازە، واتا کورد نەتەوەیەکی  گرنگ و کاریگەرە".

 

دەبووایە کورد بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کردبایە

بڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. زیاتر لە 23 ملیۆن و 368 هەزار کەس دەتوانن لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بدەن. چاوەڕێدەکرێت نزیکەی هەشت هەزار بنکە و 48 هەزار وێستگەی دەنگدان بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێنەوە.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ تا کاتژمێر 15:00 وەک دوا وادە بۆ تۆمارکردنی ناوی حزب و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دیاریکردووە. تا ئێستا 296 حزب و نزیکەی 37 هاوپەیمانییەتی ناوی خۆیان بۆ هەڵبژادنەکە تۆماکردووە.

محەممەد حاجی مەحموود لەبارەی بەشداریکردنی کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا ئاماژەی بەوە دا، "دەبووایە کورد لە ناوچە دابڕاوەکان و بە تایبەت لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا و دیالە، کە ژمارەیەکی زۆری کوردی لێیە، بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کردبایە، "بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەیانتوانیەوە لە چوارچێوەی یەک هاوپەیمانیدا کۆببنەوە". دەشڵێت، "ئەگەر کورد بە یەک لیستیش بەشداری لە هەڵبژاردنەکەی نەکرد، با بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری بکات".

دامەزراندنی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان

پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1976 دوای جیابوونەوە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن مەحموود عوسمان، عەدنان موفتی و ڕەسوول مامەندەوە  دامەزرا و خەباتی چەکداریی لە دژی رژێمی بەعس راگەیاند. دواتر و لە ساڵی 1979 بەشێک لە ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جیابوونەوە و هاتنە بەرەی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان هەر لە باشووری کوردستان یەکێکیش لەو ئەندامانە، محەممەد حاجی مەحموود بوو، کە ئێستا سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانە.