لە سووریا داعش بۆ ماوەیەک چەند ناوچەیەکی کۆنتڕۆڵکرد و 10 سەربازی سوپای کوشت

هێرشی چەکدارانی داعش (وێنەکە بۆ روونکردنەوە دانراوە)
هێرشی چەکدارانی داعش (وێنەکە بۆ روونکردنەوە دانراوە)

K24 - هەولێر

درەنگانی شەوی رابردوو داعش هێرشی کردە سەر ناوچەیەکی ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای سووریا و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک چەند شوێنێکی کۆنتڕۆڵکرد. لە هێرشەکەدا لانیکەم 10 سەربازی سوپای سووریا کوژران و ژمارەیەک سەربازی دیکەش بریندارن.

ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی ئابی 2023، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، درەنگانی شەوی دووشەممەی رابردوو، ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی سووپای سووریا لە شارۆچکەی "مەعدان عەتیق" لە سنووری پارێزگای رەقە و بەهۆیەوە 10 سەرباز کوژراون و لانیکەم شەش سەربازی دیکەش بریندران، کە برینیی بەشێکیان "سەختە".

سوپای سووریا ساڵی 2017 شارۆچکەی "مەعدان عەتیق" سەر بە پارێزگای رەقەی کۆنتڕۆڵکرد. روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەش کردووە، چەکدارەکانی داعش بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ژمارەیەک شوێنی ئەو شارۆچکەیەی کۆنترۆڵکردووە و دواتر بەهۆی ئەوەی سوپا هێزێکی زیاتری رەوانەی شوێنەکە کردووە، داعش کشاوەتەوە.

دوای لەناوبردنی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریا، شانەکانی ئەو رێکخراوەیە روویان لە بیابانکەنای ئەو وڵاتە کردووە و جار بە جار هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتییانی سڤیل و گرووپە چەکدارەکان. بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، 379 کەس لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بیابانەکانی سووریا گیانیان لەدەست داوە.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 20 چەکداری داعش لە ئەنجامی پێکدادان لەگەڵ سوپای سووریا و هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا لە ناوچە جیاوازەکانی بیابانەکانی حمس، سوەیدا، حەمات، رەقە، دێرەزوور و حەلەب کوژراون.

هەر لە ماوەی ئەمساڵدا، 202 سەربازی سوپای سووریا و چەکداری میلیشاکانی نزیک لە حکومەتی سووریا و ئێران لە 105 ئۆپەڕاسیۆن و کردەی سەربازی جیاوازی داعش لە  لە بیابانەکانی  حمس، سوەیدا، حەمات، رەقە، دێرەزوور و حەلەب کوژراون. هاوکات لەمساڵدا بەهۆی هێرشەکانەوە 157 هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لەدەستداوە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، زۆربەی هێرشەکانی داعش دژی ئەو کەسانە بوون کە لە بیابانەکانی سووریا دۆمبەڵانیان کۆدەکردەوە. رۆژی 11ـی ـی شوباتی ئەمساڵ، 75 کەس لە کاتی گەڕان بەدوای دۆمبەڵاندا، لە نزیک تەدموور لە لایەن داعشەوە رفێنران. لانیکەم 16یان کوژران و شەش رۆژ دواتر، چەکدرانی داعش هێرشییان کردە سەر گرووپێکی دیکەی کۆکردنەوەی دۆمبەڵان لە نزیک شاری سوخنە و، لە ئەنجامدا شەڕ لەگەڵ سەربازانی خاڵێکی پشکنینی سەر بە حکومەتی سووریا دروستبوو، بەهۆیەوە لانیکەم 61 کەسی سڤیل و 7 سەرباز کوژران.

ناوەڕاستی ساڵی 2014 رێکخراوی تیرۆریستی داعش ژمارەیەک ناوچەی بەرفراوانی لە عێراق و سووریا کۆنترۆڵکرد و "خەلافەتی" راگەیاند. پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی سووریا دیموکرات - هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان بە پشتیوانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا هەروەها هێزەکانی حکومەتی سووریا و هاوپەیمانەکانی، نزیکەی تەواوی ناوچەکانیان لە ژێر دەستی گرووپە پەڕگیرەکە دەرهێنا، بەڵام دوای کوژرانی هەزاران کەس و وێرانبوونی چەندین شار.

ساڵی 2017 لە عێراق و باشووری کوردستان هەروەها ساڵی 2019 لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بەزاندنی داعش راگەیەندرا. ساڵی 2019، هەڵسەنگاندنێکی باو هەبوو بەوەی داعش دوای لەدەستدانی دوایین شار، ئیدی کۆتاییدێت. ئەبوبەکر بەغدادیی دامەزرێنەریشی لە هێرشێکی ئەمریکادا کوژرا، هەروەها هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی بۆ داخستنی رووپەڕ و هەژمارەکانی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستیپێکرد بۆ نەهێشتنی پڕوپاگەندە و هەڵمەتی راکێشانی خەڵکی زیاتر بۆ نێو ریزەکانی.