وەزارەتی خوێندنی باڵا: 30 زانکۆ و پەیمانگەی تایبەت لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی فەرمییان هەیە

ژمارەیەک قوتابی زانکۆ
ژمارەیەک قوتابی زانکۆ

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیەنێت، 30 زانکۆ و پەیمانگەی تایبەت لە هەرێمى کوردستان لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە مۆڵەتی فەرمییان هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی ئابی 2023، راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستى ناوى ئەو زانکۆ و پەیمانگە تایبەتانەی لە هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە، کە لەلایەن وەزارەتەکەوە مۆڵەتیی فەرمییان هەیە و بە گوێرەی راگەیەندراەکە، 30 زانکۆ و پەیمانگەی تایبەت مۆڵەتیی فەرمییان هەیە.

عەباس دزەیی، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامانجی بڵاوکردنەوەی لیستی ناوی ئەو زانکۆ و پەیمانگە تایبەتانە بۆ ئەوە بووە، بە ڕای گشتیی رابگەیەنن، تەنها ئەو زانکۆ و پەیمانگانە تایبەتانە مۆڵەتی فەرمییان هەیە و پابەندی مەرج و رێنماییە زانستی و کارگێڕییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستین.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی خستەڕوو،  جگە لەم 30 زانکۆ و پەیمانگە تایبەتە، (ناویان لە خوارەوە نووسراوە)، هیچ زانکۆ، پەیمانگە و کۆلێژە زانکۆیەکی دیکە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە مۆڵەتى پێنەدراوە و باوەڕپێکراو نییە.

عەباس دزەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، ژمارەیەک زانکۆ و پەیمانگەی تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەن، مۆڵەتی فەرمییان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستانیش نییە. گوتیشی، "ئێمە هانی قوتابییان نادەین بچنە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، بڵاوکردنەوەی ئەم لیستە تەنها بۆ ئەوە بووە، خەڵک بزانێت ئەم 30 زانکۆ و پەیمانگە تایبەتە مۆڵەتی فەرمییان هەیە".

لەبارەی ژمارەی زانکۆ حکومییەکان لە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا روونیکردەوە، لە هەرێمى کوردستان 18 زانکۆى حکومى هەن، کە بەسەر شارەکانى کوردستان دابەش بوون، هاوکات دوو دەستە و ئەنجومەنێکى حکومیش هەیە، کە ئەوانیش بەپێى پسپۆڕىی، کارەکانیان ڕایی دەکەن.

عەباس دزەیی ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبەر ڕۆشنایى یاساى زانکۆ تایبەتەکان کە لە پەرلەمانى کوردستان پەسەند کراوە مۆڵەتى کردنەوەى بە زانکۆ و پەیمانگەى تایبەت لە شارەکانى هەرێمى کوردستان داوە .

 

لیستی ئەو زانکۆ و پەیمانگە تایبەتانەی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە مۆڵەتی فەرمییان هەیە.

زانکۆ تایبەتەکانى سنورى هەولێر:

زانکۆى نێودەوڵەتى تیشک

زانکۆى جیهان - هەولێر

زانکۆى لوبنانى فەرەنسى

زانکۆى نۆلج

زانکۆى بەیان

زانکۆى ئەربیلى نێودەوڵەتى

زانکۆى کاسۆلیک

کۆلێژى قەڵاى زانکۆیى بۆ دیراساتى ئایینى

زانکۆ تایبەتەکانى سنورى سلێمانى:

زانکۆى ئەمریکى لە عێراق/ سلێمانى

زانکۆى کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا

زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى

زانکۆى جیهان - سلێمانى

زانکۆى  نێودەوڵەتى تیشک/ لقى سلێمانى

زانکۆى قەیوانی نێودەوڵەتی

کۆلێژى گۆیژەى زانکۆیى بۆ دیراساتى ئایینى

 زانکۆ تایبەتەکانى سنورى دهۆک:

زانکۆى جیهان - دهۆک

زانکۆى نەورۆز

پەیمانگە تایبەتەکانى سنورى هەولێر:

پەیمانگەى تەکنیکى تایبەتى رواندز

پەیمانگەى نۆبڵى تایبەت

پەیمانگەى تەکنیکى پایتەخت

پەیمانگەى تەکنیکى تایبەتى ئایندە

پەیمانگەى تەکنیکى هەیبەت سوڵتان

پەیمانگەى تەکنیکى گەشەى تایبەت

پەیمانگە تایبەتەکانى سنورى سلێمانى:

پەیمانگەى تەکنیکى کوردستان

پەیمانگەى تەکنیکى تایبەت لە کەلار

پەیمانگەى تەکنیکى ناشناڵ بۆ تەکنەلۆجیا

پەیمانگە تایبەتەکانى سنورى دهۆک:

پەیمانگەى تەکنیکى دهۆکى تایبەت

پەیمانگەى تەکنیکى ئاراراتى تایبەت

پەیمانگەى تەکنیکى تایبەتى رواندز لقى زاخۆ