ئوردن پشتگیری لە چارەسەری کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل دەکات

K24 – هەولێر:

شا عەبدوڵڵای دووەم، پاشای ئوردن لە میانەی دیدارێکدا لەگەڵ مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پارێزگاری لە فەڵەستینییەکان بکەن و هەوڵەکانیان بۆ زیندووکردنەوەی دانوستانە ئاشتییە "جددی و کاریگەرەکان" لەگەڵ ئیسرائیل بخەنەگەڕ.

ڕۆژی سێشەممە بەگوێرەی راگەیاندراوێکی دیوانی شاهانەی ئوردن، شاعەبدوڵڵای دووەم، پاشای ئوردن لە کۆشکی حوسێنییە لە عەممانی پایتەخت چاوی بە مەحموود عەباس، سەرۆک کۆماری فەڵەستین کەوت و پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ سەرۆک کۆماری فەڵەستین تاووتوێ کرد.

پادشا جەختی لە "گرنگیی دابینکردنی پاراستن بۆ گەلی فەڵەستین لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە، هەروەها هاوبەشکردنی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئاسۆی سیاسی کە دانوستاندنێکی جددی و کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەت دەستپێبکاتەوە".

ناوبراو جەختی لەسەر "پێویستی راگرتنی هەموو رێوشوێنە نایاساییە تاکلایەنەکانی ئیسرائیل" کردەوە.

باکووری کەرتی رۆژئاوا چەند مانگێکە شاهێدی رووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی نێوان فەڵەستینییەکان و هێزەکانی ئیسرائیلە، بەتایبەتی شارەکانی نابلوس و جێنین کە بە قەڵای کوتلە چەکدارەکانی فەلەستینی دادەنرێت.

بەپێی ئاماری ئاژانسی فرانس پرێس بە پشتبەستن بە سەرچاوە فەرمییەکانی هەردوولا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، لە پێکدانانەکانی نێوانیان لانیکەم 212 فەڵەستینی، 28 ئیسرائیلی، ئۆکراینییەک و ئیتاڵییەک گیانیان لەدەستداوە.

ئوردن پشتگیری لە چارەسەری کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل دەکات لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی، لە کاتێکدا پرۆسەی ئاشتی لە ساڵی 2014ەوە وەستاوە.

پاشای ئوردن، پاڵپشتی تەواوی ئوردنی دووپاتی کردەوە، بۆ فەلەستینییەکان لە گەیشتن بە مافە رەواکانیان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و سەروەری و بژاردەی خۆیان لەسەر هێڵەکانی 4ـی حوزەیرانی 1967، بە پایتەختی قودسی رۆژهەڵات".

هەروەها شای ئوردن رۆژی دووشەممە لە عەممانی پایتەخت لەگەڵ برێت مەکگۆرک رێکخەری کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کۆبووەوە.

لە میانی دیدارەکەدا پاشا جەختیکردەوە لە "پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمەلایەنە لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی، کە گەرەنتی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین لەسەر هێڵەکانی 4ی حوزەیرانی 1967، لەگەڵ قودسی رۆژهەڵات وەک پایتەختەکەی".

کەناری رۆژئاوا بە قودسەوە لە ژێر سەروەری ئوردندا بوون پێش ئەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1967 داگیری بکات.

ئوردن و ئیسرائیل لە ساڵی 1994 پەیمانی ئاشتییان واژوو کرد.