کوردستان24 وردەکاری وردبینی لە داهات و خەرجی نەوت و نانەوتییەکان بڵاودەکاتەوە

K24 – هەولێر:

کوردستان24 وردەکاری وردبینی لە داهات و خەرجی نەوت و نانەوتییەکان بڵاو دەکاتەوە.

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی عێراق و وردبینی لە خەرجی و داهاتەکانی نەوتی و نانەوتییەکان هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، لیژنەکەی هەولێر و بەغدا لە 30 کەس پێکهاتوون کە 15 کەسیان لە دیوانی چاودێری هەرێمی کوردستان و 15 کەسی دیکەیان لە دیوانی چاودێری دارایی عێراقی فیدراڵن.

بەپێی زانیاریەکانی پەیامنێری کوردستان24 لیژنەکان دابەشی دوو بەش بوون، بەشێکیان وردبینی لە داهات و خەرجییە نانەوتییەکان دەکات و لیژنەیەکیش وردبینی لە داهات و خەرجیە نەوتیەکان دەکات.

هەر بەپێ زانیاریەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەو لیژنەیەی بۆ وردبینی لە خەرجی و داهاتی نەوت پێکهێنراوە لە هەشت کەس پێکهاتوون کە چوار کەسیان لە دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و چواری دیکەش لە دیوانی چاودێری دارایی عێراقن،  لە رۆژیی 6ی 8ی 2023 وە دەستیان بە وردبینی کردووە  لیژنەکە لە ناو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دەستیان پێکردووە هەر هەشت ئەندامەکە شارەزان لە وردبینیکردنی داهاتە نەوتییەکان.

هەر بەپێ زانیاریەکانی پەیامنێری  کوردستان 24  ئەو لیژنەیەی وردبینی لە خەرجی و داهاتە نانەوتیەکان دەکات دابەشی سێ تیم بوون کارەکانیان بەردەوامە.

پەیامنێری کوردستان 24 رایدەگەیەنێت، وردبینیەکە بۆ خەرجی و داهاتی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ دەکرێت، لە پێناوی ئەوەی مووچە و بودجەی فەرمانبەران بۆ ئەم مانگە دوا نەکەوێت، داواشیان لێکراوە بۆ پێش 20ی 8ی پرۆسەی وردبینیەکە تەواو  بکەن و بریارە دوای کۆتای هاتنی وردبینی لە خەرجیەکانی ئەم شەش مانگە پرۆسەی وردبینی لە خەرجی و داهاتی نەوتی و نانەوتی ساڵی 2022 ش دەست پێ بکات و پێشتر وردبینی لە خەرجی و داهاتی ساڵی 2021 تەواو کراوە.

هه‌ر ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری رایگه‌یاند، وەزیری دارایی له‌میانه‌ی پێشوازی لە شاندێكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم رایگه‌یاند، دەرگای وەزارەت و بەڕێوبەرایەتییەکانمان کراوەن، بۆ وردبینی لە داتا و زانیارییەکان.

ماوەی چەند رۆژێکە تیمێکی باڵای دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە هەرێمی کوردستانن و چەندین کۆبونەوەیان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری، گومرگ، باج، بودجە و چەندین بەڕێوبەرایەتی و وەزارەتی حکومەتی هەرێم ئەنجامداوە، بڕیارە لە رۆژانی داهاتووشدا سەردانی چەندین بەڕێوبەرایەتی دیكه‌ی سەر بەوەزارەتی دارایی و دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان بکەن.