محه‌ممه‌د حاجی مه‌حموود: عێراق ده‌یه‌وێ سه‌رچاوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وشك بكات و ناچار به‌خۆی بكاته‌وه
K24 – هەولێر:
چل و حه‌وت ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان تێده‌په‌ڕێ، سه‌رۆكی ئه‌و پارته رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌تی عێراق له هه‌وڵێكی مه‌ترسیدایه و مه‌به‌ستیه‌تی هێڵی شین بگه‌ڕێنێته‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی و هه‌رێمی كوردستان به ته‌واوه‌تی برسی بكات و ناچار به‌خۆی بكاته‌وه.
محه‌ممه‌د حاجی مه‌حموود، سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی سته‌ملێكراوه و خواستی داگیركاری نییه و به‌رده‌وام له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی خۆیدا رووبه‌ڕووی سته‌م و چه‌وسانه‌وه و داگیركاری بووه‌ته‌وه و هه‌میشه بووه‌ته قوربانی ئه‌وانی دیكه، گوتیشی سه‌رباری هه‌موو ئه‌و سته‌مه‌ی به‌سه‌ریدا هاتووه، به‌ڵام هێشتا مافی ئه‌وه‌ی پێ نه‌دراوه ببێته خاوه‌نی چاره‌نووس و قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆیی خۆی، له كاتێكدا به پێوه‌ره جیهانییه‌كان هه‌ر چی زینده‌وه‌ر هه‌یه مافی پێ دراوه، به‌ڵام كورد و جوگرافیاكه‌ی مافی پێشێل ده‌كرێت.
سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كرد، مێژوو و جوگرافیا و سروشتی عێراق و سایكۆلۆژیای خه‌ڵكه‌كه‌یشی به‌و شێوه‌یه هه‌ڵكه‌وتووه و دروست بووه، كه هه‌ر كات لاواز بێت كێشه بۆ كورد دروست ناكات، به‌ڵام كاتێك به‌هێز ده‌بێت، به‌شێوه‌یه‌كی دیكه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، گوتیشی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق له ماوه‌ی یه‌ك سه‌ده‌ی رابردوودا هه‌رچییان به‌رامبه‌ر به كورد كردبێت، دواتر چاره‌نووسه‌كه‌یان دیاره له‌ناوچوون بووه، جه‌ختیشیكرده‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای عێراق مامه‌ڵه‌یه‌كی مه‌ترسیدار به‌رامبه‌ر به كورد و هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، نموونه‌یشی به بڕیاری دادگای فیدڕاڵی هێناوه سه‌باره‌ت به نایاساییبوونی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان.
محه‌ممه‌د حاجی مه‌حموود سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، كه ره‌خنه‌كانی ئه‌و سه‌باره‌ت به به‌غدا و ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق كه‌متره له‌و ره‌خنانه‌ی له هه‌رێمی كوردستانه، پێیشی وایه كه دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی ده‌بوو په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجام بدایه و بڕیاره‌كه‌ی ره‌ت بكردایه‌وه. روونیشیكرده‌وه په‌رله‌مانی كوردستان كۆتایی نه‌هاتووه له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ده‌نگی خه‌ڵك دروست بووه، نه‌ك به بڕیارێكی سیاسی.
سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان هاوكات باسی له‌وه كرد، په‌رله‌مانی كوردستان موڵكی خه‌ڵكی كوردستانه، بۆیه به بڕیاری دادگای عێراق كه دادگای پۆل برێمه‌ره ده‌سه‌ڵاتی داخستن و كۆتاییهێنان به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی نییه. جه‌ختیشیكرده‌وه دادگای فیدڕاڵی تا ئێستا وه‌ك ئه‌وه‌ی له ده‌ستووردا هاتووه دانه‌مه‌زراوه، به‌ڵكو درێژكراوه‌ی هه‌مان دادگاكانی سه‌رده‌می سه‌ددام حوسێن و پێش ئه‌ویشه.
ناوبراو ره‌خنه‌شی له‌و ئاراسته و بیركردنه‌وانه گرت، كه دژی نه‌ته‌وه و ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی و ئاڵای خۆی بێت و گوتی "له دنیادا نییه خه‌ڵك ئاڵای خۆی بسووتێنێت، ئه‌وانه‌ی ئه‌و كاره ده‌كه‌ن خه‌ڵكێكی كه‌م و ده‌سته‌مۆی خڵته‌ی ناو جه‌ماوه‌رن"، گوتیشی ئه‌و جۆره بیركردنه‌وه و ئاراسته‌یه گومان له‌سه‌ر كوردبوون دروست ده‌كات، جه‌ختیشیكرده‌وه كه شه‌هید و ئه‌نفال و كیمیابارانكردنی كورد له مووچه گه‌وره‌تر و به‌هادارتره، مووچه و بوودجه هه‌رگیز به‌وانه به‌راورد ناكرێت و ناكرێت له به‌رامبه‌ریاندا هه‌رێمی كوردستان خۆی راده‌ست بكات. روونیشیكرده‌وه كورد كه خه‌باتی كرد و قوربانی دا بۆ ئه‌وه نه‌بوو مووچه‌كه‌ی له به‌غداوه بێت، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه بوو ئازاد بێت و ده‌سته‌مۆ و ژێرده‌سته‌ی كه‌س نه‌مێنێت.
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له دوای په‌سندكردنی یاسای بوودجه گوتی، ئه‌وه‌ی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه، په‌یوه‌ندیی نییه، جه‌ختیشیكرده‌وه كه به‌غدا و هه‌ولێر له دوو به‌ره‌ی جیاوازن، به‌شێوه‌یه‌ك به‌غدا ئاماده نییه هیچ بۆ هه‌رێمی كوردستان بكات، به‌ڵكو ده‌یه‌وێ هه‌رێمی كوردستان له به‌رامبه‌ری بپاڕێته‌وه. گوتیشی "مردنێكی سه‌ربه‌رزانه له ژیانی ژێرده‌سته‌یی باشتره".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، حكومه‌تی عێراق له هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بڕیاری 688ـی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه كه پێی ده‌گوترێت هێڵی شین و قۆره‌توو، چه‌مچه‌ماڵ و شێراوه و چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه ده‌گرێته‌وه، به‌مه‌ش نه‌وت و غازی ئه‌و ناوچانه به ته‌واوه‌تی ده‌خاته بن ده‌ستی خۆی، كه ئه‌مه‌یش هه‌وڵێكی مه‌ترسیداره و ئامانجیه‌تی هه‌موو سه‌رچاوه داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بباته‌وه لای خۆی و هه‌رێمی كوردستان برسی بكات و سه‌رچاوه‌كانی وشك بكات.