نووری مالیکی: کۆبوونەوەیەکی گرنگمان لەگەڵ شاندی پارتی ئەنجامدا
K24 – هەولێر:
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی و سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەغدا، نووری مالیکی رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی گرنگیان لەگەڵ شاندەکەی پارتی ئەنجامدا و کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەین.
رۆژی سێشەممە (8ـی ئابی 2023)، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەگەڵ فازڵ میرانی، سەرۆکی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی گرنگمان ئەنجامدا و گوێمان لە سکاڵا و سەرنجەکانی شاندەکە گرت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نووری مالیکی ئاماژەی بە پەیوەندییەکانیان کرد و رایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و چوارچێوەی هەماهەنگی گرەنتییە بۆ پەیوەندییەکی باش لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
هاوکات لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و جێبەجێنەکردن و پابەندنەبوونی حکومەتی عێراق، نووری مالیکی ئاشکرایکرد، ئەوان داوایانکردووە بە لیستێک هەموو ئەو تێبینی و گرفت و داواکاراییانەی هەیە لەبارەی جێبەجێنەکردنی ئەو رێککەوتنەی هەیە پێیان بدرێت بۆ ئەوەی کار لەسەر چارەسەرکردنی بکەن.
هەروەها مالیکی روونیشیکردەوە، لەگەڵ شاندی پارتی باسیان لەوەکردووە کە پێویستە هەموو یاسا ستراتیژییەکان بە رێککەوتن پەسەندبکرێن.
نووری مالیکی گوتی: "دۆخی كۆبوونه‌وه‌كه زۆر گرنگ بوو و بابه‌ته‌كانی هه‌ندێكیان په‌یوه‌ست بوون به دۆخی عێراق به‌گشتی، هه‌ندێكی دیكه‌ش تایبه‌ت بوون به په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا، هه‌روه‌ها باسی ئه‌و پرسانه‌ش كرا، كه له‌گه‌ڵ ئه‌و رێككه‌وتنانه یه‌كناگرنه‌وه، كه له هاوپه‌یمانیەتی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت كردوومانه".
لەبارەی گلەییەکانی شاندی پارتییەوە، مالیکی ئاماژەی بەوەکرد، "برایانی پارتی گله‌ییان له‌و بابه‌ته هه‌یه، به‌وه‌ی كه ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه، جێبه‌جێ نه‌كراوه، ئێمه‌ش گوێمان بۆ ئه‌و گله‌ییانه راگرت، رێزیشی لێده‌گرین و به‌ڵێنیشماندا كه كار بۆ چاره‌سه‌ركردنیان ده‌كه‌ین، داواشمان له برایانی كورد كرد، هاوكارمان بن له دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كیشانه نه‌بن به قه‌یران، هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی له‌ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدان، په‌یوه‌ندیی زۆر باشیان له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌یه".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مالیکی باسی لەوەشکرد، "من داوام له براده‌رانی چوارچێوه‌ی هەماهەنگیش كردووه، لیستێكی ئه‌و بابه‌تانه‌مان به‌ده‌ست گه‌یشتووه كه جێبه‌جێ نه‌كراون، ناڵێم ئه‌وانه بوونه‌ته قه‌یران یان كێشه‌یه‌كی گه‌وره له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا، به‌ڵام ئه‌مانه داواكارین و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و یاسا پێشكه‌شكراون و مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له‌خۆده‌گرێت و پێویسته چاره‌سه‌ر بكرێن، چونكه نامانه‌وێت زیان به هیچ توێژێكی گه‌لی عێراقی بگات".
لەبارەی پرسی نەوت مالیکی رایگەیاند، "سه‌باره‌ت به رێككه‌وتنی نه‌وتیش، له‌كاتێكدا كه هه‌نارده‌كردن له رێگه‌ی توركیاوه وه‌ستاوه، پێویسته به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان نه‌فه‌قاتی خه‌ڵكی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكرێت، تا ئه‌و كاته‌ی دۆخی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت ئاسایی ده‌بێته‌وه، جا چ له‌ڕێگه‌ی سلفه یان بە هه‌ر شێوه‌یه‌كی دیكه بێت".
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە روونی گوتی، لەگەڵ شاندی پارتی گەیشتینە رێککەوتن بۆ نه‌هێشتنی قه‌یران و چاره‌سه‌رکردنی گرفتەکان.