ژمارەی قوربانیانی زریانەکەی چین بەرزبووەتەوە

پاشماوەی باران بارینەکەی چین
پاشماوەی باران بارینەکەی چین

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئامارە نوێیەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە، بەهۆی ئەو بارانبارینە بەخوڕەی کە لە چەند رۆژی رابردوو چینی گرتەوە، لانیکەم 62 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە تەنها لە پەکین لە ماوەی هەفتەیەکدا ژمارەکە سێ هێندە زیادیکردووە.

پەکینی پایتەختی چین، لە ماوەی 140 ساڵی رابردوودا، بەم شێوەیە باران نەباریووە، لەگەڵ پارێزگای هوبی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی زریانەکەوە.

ئەمرۆ چوارشەممە، بەگوێرەی ئامارەکانی چین، تەنیا لە پەکینی پایتەخت لانیکەم 33 کەس گیانیان لەدەستداوە و 18 کەسیش بێسەروشوێن بوون، کە هەفتەی رابردوو 11 کەس گیانیان لەدەستدابوو.

شیا لینماو، جێگری سەرۆکی شارەوانی پەکین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دەمەوێت لە دڵەوە سەرەخۆشی لەو کەسانە بکەم کە لە هێڵی ئەرکدا گیانیان لەدەستداوە و بۆ قوربانییەکان".

لە پارێزگای هوبێی لانیکەم 15 کەس بەهۆی باران بارینی بەخوڕەوە گیانیان لەدەست داوە، هەروەها لە باکووری رۆژهەڵاتی چین کە ناوچەیەکی گرنگی بەرهەمهێنانی دانەوێڵەیە، لانیکەم 14 کەس گیانیان لەدەستدا.

رۆژی هەینی رابردوو پەکین رایگەیاند، لە کارەساتە سروشتییەکەی ئەم مانگە 147 کەس گیانیان لەدەستداوە، یان بێسەروشوێن بوون، بەڵام ئەم ژمارەیە هەموو قوربانیانی زریانی دوکسوری ناگرێتەوە.