سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بڕی شه‌ش ملیار دینار بۆ دروستكردنی 348 پۆلی خوێندن ته‌رخان ده‌كات

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی، 348 پۆلی نوێی خوێندن له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كرێت.

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا بە تەرخانکردن و خەرجکردنی  گوژمەی شەش ملیار دینار بەمەبەستی دروستکردنی (348) پۆلی نوێی خوێندن بۆ قوتابخانەکان لە گشت پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، لە کابینەی نۆیەمدا (452) ژووری نوێی خوێندن دروستکراوە، ئەو تەرخانکردنە نوێیە بۆ 348 ژووری دیکەی خوێندنە لە چوارچێوەی پلانی فراوانکردنی ژێرخانی پەروەردەیی.

له‌ماوه‌ی رابردوودا به‌ بڕیاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕی 46 ملیار و 600 ملیۆن دینار تەرخانکرا بۆ نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی بینای قوتابخانەی نوێ، دەزگای خێرخوازی بارزانیش 200 قوتابخانەی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان نۆژەنکردووەتەوە و کارەکانیان لە قۆناغی کۆتاییدان.