ئیتاڵیا: دەریای ناوەڕاست بووه‌ته‌ مەترسیدارترین رێگەی پەڕینەوەی کۆچبەران لە جیهاندا

K24 - هه‌ولێر:

لێشاوی کۆچی نایاسایی لە رێگەی دەریای ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا بەردەوامە و تا دێت ژمارەی قوربانیان زیاتر ده‌بن، زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی لە ئەفریقا روو لە ئەوروپا دەکەن، لە تونسەوە بەڕێدەکەون، چونکە کەمتر لە 150 کیلۆمەتر لە دوورگەیەکی ئیتاڵیاوە دوورە.

ئیتاڵیاش ئاشکرای دەکات، ئەمساڵ زیاتر لە 94 هەزار کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، هەروەها ئەمساڵ 126 کۆچبەر کە لە مەغریبەوە هەوڵیانداوە بگەنە دوورگەکانی ئیسپانیا، گیانیان لە دەستداوە و بێسەرووشوێن بوونە.

لێشاوی کۆچبەرە نایاساییەکان و بەکارهێنانی رێگای ده‌ریای ناوه‌ڕاست بۆ گەیشتن بە ئەوروپا و بە تایبەت بۆ ئیتاڵیا زیاتر بووە، ئەمەش وایکردووە ژمارەی قوربانیانیش بەهۆی تێکشکانی بەلەمەکانەوە زیاتر ببێت.

ئیتاڵیا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کۆچبەر لە ئەفریقا و بە تایبەت لە تونسەوە روویلێدەکەن، چونکە تونس تەنیا 145 کیلۆمەتر لە دوورگەی لامپیدوسای ئیتاڵیا دوورە.

لە نوێترین رووداوی نوقمبوونی بەلەمی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست، 41 کۆچبەر گیانیان لە دەستداوە، چوار کۆچبەریش رزگارکراون و خەڵکی وڵاتە ئەفریقییەکانن و زۆربەی کۆچبەرەکان لە تونسەوە بەڕێدەکەون، لە حەوتی ئەم مانگە، چەند بەلەمێکی دیکەی کۆچبەران لە کەناوارەکانی تونس و بیابانی رۆژئاوا تێکشکان و بوونە هۆی گیان لەدەستدانی 16 کۆچبەر و بێسەرووشوێن بوونی 44 کۆچبەر، هەروەها لە شەشی ئەم مانگەش بەلایەنی کەمەوە 30 کۆچبەر لە کەناراوەکانی دوورگەی لامپیدوسا بێسەرووشوێن بوونە.

وەزارەتی ناوخۆی تونس ئاشکرای دەکات، لە سەرەتای ئەمساڵ تا 20ـی تەمموز، 901 تەرمی کۆچبەر دۆزراوەنەتەوە، 34 هەزار و 290 کۆچبەریش رێگریان لێکراوە و رزگارکراون، هەروەها مەغریب 150 کیلۆمەتر لە دوورگەکانی کەناری ئیسپانیاوە دوورە، بەم دواییانە مەغریب رێگری لە 56 کۆچبەری نایاسایی کرد بگەنە دوورگەکانی کەناری ئیسپانیا.

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاشکرای دەکات، لە نیوەی یەکەمی 2023، 126 کۆچبەر لە هەوڵدان بە گەیشتن بە دوورگەکانی کەناری گیانیان لە دەستداوە و بێسەرووشوێن بوونە.

هەروەها وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا رایگەیاند، ئەمساڵ 94 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، لە 2014ـەوە تا ئێستا زیاتر لە 20 هەزار کۆچبەر کە هەوڵیانداوە لە ئەفریقاوە بۆ ئەوروپا بپەڕنەوە گیانیان لە دەستداوە، لەو ژمارەیەش تەنیا ئەمساڵ هەزار و 800 کۆچبەر گیانیان لە دەستداوە، ئەمەش وایکردووە دەریای ناوەڕاست ببێتە مەترسیدارترین رێگەی پەڕینەوەی کۆچبەران لە جیهاندا.

قه‌یرانی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست:

دووری تونس و ئیتاڵیا

145 کیلۆمەتر

نۆی ئاب

41 کۆچبەر گیانیان لە دەستداوە

حەوتی ئاب

گیان لە دەستدانی 16 کۆچبەر

44 کۆچبەر بێسەروشوێنبوون

شەشی ئاب

30 کۆچبەر بێسەرووشوێنبوون

تونس

یەکی کانوونی دووەم-20ـی تەممووز

تەرمی 901 کۆچبەر

34,290 کۆچبەر رزگارکراون

مەغریب

دووری مەغریب و دوورگەکانی کەناری

150 کیلۆمەتر

رێگریکردن لە 56 کۆچبەر

هەوڵی کۆچبەران بۆ گەیشتن بە ئیسپانیا

شەش مانگی یەکەمی 2023

گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبوون

126 کۆچبەر

ژمارەی گەیشتنی کۆچبەران بە ئیتاڵیا

94,000

2014-2023

گیانلەدەستدانی 20,000 کۆچبەر

2023

1,800