دانەگاز: ئاستی بەرهەمهێنانمان لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە

K24 - هەولێر

کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی کار و چالاکییەکانی بۆ نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆمپانیای دانە گاز، ئاستی بەرهەمهێنانیان لە هەرێم کوردستان بە رێژەی سەدا 6 بۆ 36 هەزار و 400 بەرمیل نەوتی هاوتا بەرزبووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، داهاتی کۆمپانیاکە 222 ملیۆن دۆلار بووە، لەو ماوەیەدا و هۆکارەکەشی بۆ داکەوتنی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهاندا دەگەڕێتەوە. هەروەها کۆمپانیای پیرل پێترۆلیۆم بڕی 101 ملیۆن دۆلاری لەو ماوەیەدا وەک شایستە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، داکەوتنی نرخی نەوت وایکرد، کۆمپانیاکەیان داشکانەکانیان لەسەر فرۆشتنی چڕکراوەکان لە هەرێمی کوردستان کەم بکەنەوە، هاوکات دوای وەستانی کۆمپانیا کارکەرەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، دەستیان کردووە بە فرۆشتنی چڕکراوەکان بە لایەنی دیکەی ناحکومەتی.

هاوکات کۆمپانیاکە راشیگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانیان زیادیکردووە، بەڵام تێچوونی کارەکانیان بە رێژەی سەدا 15 کەمیکردووە، کە ئەوەش وایکردووە دەرهاویشتەکانی داکەوتنی نرخی نەوت سنووردار بێت.